"ئەم دانوستانە واتە شەڕکردن"

قالیباف: تویتێکم بە ترەمپ گۆڕی

شۆڕش قادری

قالیباف دەڵێت تویتێکی بە ترەمپ گۆڕیوە و ئەو دانوستانەی ئەوان دەیکەن، جۆرێکە لە شەڕ کردن.

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران لە کۆبوونەیەکدا رایگەیاند، “لە کۆتا هێرش بۆ سەر زاحیە، دانوستانەکامان راگرت و وتم، هەر ئەمشەو بەتوندی هێرش دەکەینە سەر رژێمی زایۆنی (ئیسرائیل) و ئەگەر وەڵام بدەنەوە، لە هەموو ناوچەکە دەدەین، لە ئەنجامدا گەمارۆکانیان هەڵگرت، لەکاتێکدا بەپێی لێکتێگەیشتنەکە قەراربوو دوای 30 رۆژ ئەو کارە بکەن”.

دەشڵێت، “دواتر ترەمپ تویتێکی کرد و وتی، ئەمشەو لەگەڵ کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە گەمارۆکان هەڵدەگرین، هەر ئەوکات لەڕێی وڵاتانی نێوەندگیرەوە وتم، ئەگەر ترەمپ تویتەکەی دەستکاری نەکات و ئەو بەشەی گەرووی هورمز لانەبات، ئەمشەو ‌هێرشەکە ئەنجام دەدەین، بۆیە دوای 58 خولەک ترەمپ تویتەکەی گۆڕی و نووسی، گەڕووی هورمز لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکە دەکرێتەوە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دوا لێدوانیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا جارێکی تر هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند، “گورزی گەورە لە ئابووری ئێران دەدەین و بەمزووانە گەرووی هورمز وەک بەشێک لە خاکی ئەمریکا دەناسێنم”.