بەهۆی تەقینی غازەوە لە گوندێکی سەرکەپکان

منداڵێک گیانی لەدەستدا و پێنج ئەندامی هەمان خێزان بریندار بوون

964+

فەرمان مەلا حەسەن- رانیە

لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە گوندی دێرێی سەر بە شارۆچکەی سەرکەپکان لە قەزای رانیە، منداڵێک گیانی لەدەستدا و پێنج ئەندامی دیکەی هەمان خێزان تووشی سووتان و برینداری بوون.

رووداوەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ روویداوە و بەهۆی تەقینی غازەوە بووە، کاروان مستەفا بایز، کە شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە بۆ 964 وتی؛ “من لە تەنیشت ئەو ماڵەدا سەرقاڵی کاری دیواربڕین بووم، کاتێک دەنگێکی بەهێزی وەک تەقینەوە هات، بەپەلە رامکردە شوێنی رووداوەکە و ژنێکم بینی بە ئاگرەوە هات، خێرا ئاوی بەلوعەکەم بەردایەوە و نەمهێشت بە تەواوی بسووتێت، بەڵام منداڵەکە یەکسەر گیانی لەدەستدا.

ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بەوەش کرد کە جگە لەو ژنە، چوار کەسی دیکەش تووشی سووتان بوون و منداڵێکی بچووکیش هەر لە شوێنی رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا، جەختیشی کردەوە کە تەواوی قوربانییەکانی ئەم رووداوە ئەندامی یەک خێزانن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین رایگەیاند، تەواوی بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح