بۆ چارەسەرکردنى فشارى سەر ماڵپەڕەکەیان

هاتووچۆی سلێمانی مەرجەکانی وەرگرتنی نۆرەی بۆ بەشی مۆڵەت گۆڕی

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رێکارێکی نوێی بۆ وەرگرتنی کۆدی سەردانیکردن (نۆرەگرتن) لە بەشی مۆڵەت راگەیاند، ئەمەش بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر ماڵپەڕەکەیان دروست ببوو، هەروەها بۆ رێگریکردن لە قۆرخکاری و دەستەبەرکردنی یەکسانی بۆ سەرجەم هاوڵاتییان.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەشی مۆڵەت لە هاتووچۆی سلێمانی، بڕیارە لە رۆژی شەممە رێکەوتی (12ـی ئەیلوولی 2026)ەوە، سیستەمێکی نوێ و توندتر بۆ وەرگرتنی کۆدی سەردانیکردن بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەمەودوا هەر هاوڵاتییەک بیەوێت نۆرە بگرێت، پێویستە لەکاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئۆنلایندا پابەندی ئەم سێ مەرجە سەرەکییە بێت:
1. نووسینی ناوی سیانی بە دروستی.
2. تۆمارکردنی ژمارەی تەلەفۆنی تایبەتی ئەو کەسەی مامەڵەکەی بۆ دەکرێت.
3. دانانی وێنەیەکی راستەوخۆ و روونی رووخساری خاوەنی مامەڵەکە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری داوە بە هاوڵاتییان کە بەکارهێنانی ئیمۆجی، یان وێنەگرتنەوە لەبەر شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەرەوە بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە و پێویستە وێنەکە راستەوخۆ بێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی سەردانیکردنی هاوڵاتی بۆ بەشی مۆڵەت، سەرجەم زانیارییەکان لە رێگەی ئامێری (QR Scanner)ەوە دەپشکنرێن، ئەگەر دەرکەوێت هەر زانیارییەک یان وێنەیەک ساختە کراوە و لەگەڵ کەسی ئامادەبوودا یەکناگرێتەوە، بەهیچ شێوەیەک مامەڵەکەی بۆ رایی ناکرێت و کارەکەی رادەگیرێت.

سەبارەت بە کاتەکانی دەوام و بەردەستبوونی کۆدی نۆرەگرتن، هاتووچۆی سلێمانی روونی کردووەتەوە کە کۆدی سەردانیکردن بۆ شەفتی بەیانیان لە رۆژانی (یەکشەممە تا پێنجشەممە) بەردەست دەبێت، لە کاتێکدا شەفتی ئێواران تەنیا بۆ رۆژانی (دووشەممە و سێشەممە) تەرخان کراوە.