"گەرووی هورمز کۆنتڕۆڵ دەکەین"

دۆناڵد ترەمپ: بەمزووانە شەڕی ئێران کۆتایی دێت

شۆڕش قادری

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گەرووی هورمز کۆنتڕۆڵ دەکەن و بەمزووانە شەڕی ئێران کۆتایی دێت.

لەکاتی سەردانەکەی بۆ ئیرلەندا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە، دۆناڵد ترەمپ قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و وتی، “بە ئەگەری زۆرەوە و دوای هەڵبژاردنی نیوە خولی ئەمریکا (مانگی 11 بەڕێوەدەچێت)، شەڕ لەگەڵ ئێران کۆتایی دێت و ئەو وڵاتە هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی”.

“ئێمە گەرووی هورمز کۆنتڕۆڵ دەکەین، کاتێکیش شەڕ کۆتایی هات، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت”، دۆناڵد ترەمپ وای وت.

سەرۆکی ئەمریکا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر بۆریە نەوتەکانی سعودیەشی خستە ئەستۆی تاران و وتی، “بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئێران بەرپرسیارە”.

ترەمپ دووپاتیشکردەوە کە ئەوان بوون ئاگری شەڕیان لە غەزە کوژاندووەتەوە و لەوێش پڕۆسەی ئاشتی ئاسان دەکەن.