بۆ دەرچووانی پۆلی نۆیە

بەشی میوزیک لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە دەکرێتەوە

ئەحمەد مستەفا

بەشی میوزیک لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە دەکرێتەوە، لە راگەیەندراوێکدا پارێزگای هەڵەبجە دەڵێ، پارێزگار تێچووی سەرجەم خەرجی و دابینکردنی پێداویستییەکانی کارابوونی ئەم بەشە لە ئەستۆ دەگرێ.

بەشەکە، بەپێی فەرمانی وزاریی (19634) کە لە رۆژی 7ی ئەیلوولی 2026، لەلایەن وەزیری پەروەردەوە دەرچووە، بڕیاردراوە بە کردنەوەی بەشی میوزیک لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی (2026 – 2027).

پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ڕەوتی هونەری و پەروەردەیی لە سنوورەکەدا، پارێزگار تێچووی سەرجەم خەرجی و دابینکردنی پێداویستییەکانی کارابوونی ئەم بەشە لە ئەستۆ دەگرێ.

تاوەکو خوێندكاران و ئارەزوومەندانی هونەر لە هەڵەبجە بتوانن سوودمەند بن لە پەرەپێدانی توانا هونەرییەکانیان بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان و دەرچووانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەتوانن رۆژی یەکشەممە 13.9.2026 سەردانی پەیمانگا بکەن بۆوەرگرتنی فۆڕم.