"نۆ کەس برینداربوون"

لە موسڵ تانکییەک لەناو کارگەیەکی شیرەمەنی تەقییەوە

کاروان ساڵحی – موسڵ

لە گەڕەکی زنجلی موسڵ تانکییەک لەناو کارگەیەکی شیرەمەنی تەقییەوە و نۆ کەس برینداربوون.

ئەبو سەیف لەو ناوە دوکانی گۆشتفرۆشتنی هەیە و ئاگای لە رووداوکە بووە، ئەو بە 964ـی وت، “تەقینەوەکە بە هۆی تەقینی تانکییەکی سووتەمەنی بووە لەسەر بانی کارگەکە”.

“هەرچەندە کارگەکە دوکانێکی بچووکە بەناوی “البان غەزال”، بەڵام دەنگی تەقینەوەکە یەکجار بەهێز بوو، بەدەستی خۆم لەگەڵ دوکاندارەکانی دیکە و پۆلیس، نۆ بریندارمان خستەناو ئۆتۆمبێلەوە و بەرەو نەخۆشخانە بەڕێکران”، ئەو شایەتحاڵە وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی بریندارەکان ژن ومنداڵ بوون.

هەر سەبارەت بە رووداوەکە، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی موسڵ بە 964ـی وت، “سەرەتا وا بە ئێمە وترا کە تەقینەوەکە بەهۆی تەقینی تانکییەکی هەڵمی کۆڵاندنی شیر بووە، بەڵام ئێستا دەوترێ کە تانکی سووتەمەنی بووە”.

باسی لەوەشکرد، هۆکاری تەقینی تانکییەکە هێشتا نەزانراوە و لێکۆڵینەوەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری