بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکانیانە

کۆمپانیایەکی کەنەدی بەرهەمهێنانی نەوتی لە دوو کێڵگەی گەورەی دهۆک راگرت

فەرهاد حەسەن

کۆمپانیای “شاماران بترۆلیۆم”ی کەنەدی، رایگەیاند کە بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی لە هەردوو کێڵگەی “ئەترووش” و “سەرسەنگ” لە سنووری پارێزگای دهۆک راگرتووە.

کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەم بڕیارە وەک رێکارێکی خۆپارێزی هاتووە لە ئەنجامی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و ئەو گرژییە جیۆپۆلیتیکیانەی کە ئێستا ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت.

جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە پاراستنی گیانی کارمەندان و سەلامەتیی ژێرخانی کێڵگە نەوتییەکان لە پێشینەی کارەکانیاندایە.

هەر بە پێی راگەیەندراوەکە، کۆمپانیاکە بە بەردەوامی و لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنی دۆخی ئەمنی دەکات و لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی لەم پڕۆژانەدا، ئەوەش دووپات دەکاتەوە، کە هەر کاتێک دڵنیابوونەوە لە سەقامگیربوونی بارودۆخەکە و رەخسانی ژینگەیەکی ئارام بۆ کارکردن، دەستبەجێ پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەو دوو کێڵگەیەی دهۆک دەستپێدەکەنەوە.