جێگری سەرۆکی ئەمریکا:
“ئەگەری سێیەم بۆ ئێران نییە، یان دەگۆڕێت یان بە لاوازی دەمێنیتەوە”
فەرهاد حەسەن
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت بۆ ئێران ئەگەری سێیەم نییە، یان پێویستە بگۆڕێت یاخود بە لاوازی دەمێنیتەوە، ئەمەش ستراتیژی نوێی ترەمپە بەرامبەر ئەو وڵاتە، جەختیش دەکاتەوە كە ئەمریكا لە هەر ئەنجامێکی دانوستانەکاندا براوەی سەرەکییە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز) جەی دی ڤانس دەڵێت “سەرۆک دۆناڵد ترەمپ داوای لێکردین یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران بەکاربهێنین بۆ دووبارە دابینکردنەوەی نەوت بۆ ئابوری جیهان و دواتر ببینین بارودۆخەکە چۆن گەشە دەکات”.
ئاماژەی بەوەکرد کە ترەمپ ویستویەتی جارێکی دیكە کارتەکان لەگەڵ ئێران رێکبخاتەوە بۆ ئەوەی خاڵەکانی فشار و شوێنی بەدیهێنانی پێشکەوتنەکان ببینێت. شتەکان لەگەڵ ئێران زۆر گۆڕاون، توانای سەربازییان کەمتر بوەتەوە و ئابورییان لاوازتر بووە، و ئیسرائیل و لوبنانیش دەستیانکردووە بە قسەکردن لەگەڵ یەکتر.
ڤانس دووپاتیکردەوە کە ترەمپ دەیەوێت رێڕەوی دانوستان لەگەڵ تاران بە پابەندبوونی سەلمێنراو بەردەوام بێتم بۆیە داوای پابەندبونی هەمیشەیی لە ئێران دەکەن.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی دەدات کە وڵاتەکەی لە هەردوو حاڵەتی سەرکەوتن یان شکستی دانوستانەکاندا هەر براوەیە، یان ئێران لە بنەڕەتەوە دەگۆڕێت، یاخود بە تێکشکاوی و لاوازی دەمێنێتەوە.
پێش ئەو قسانەی ڤانسم، ترەمپ رایگەیاندبوو کە کۆبونەوەی پلان بۆ داڕێژراوی نێوان ئەمریکا و ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەم هەفتەیەدا “رەنگە گرنگ بێت، رەنگە نەبێت”، لە کاتێکدا تاران رەتیکردەوە هیچ کۆبونەوەیەکی دانوستانکاری لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە چەند رۆژی داهاتودا ئەنجامبدات.