دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازیکرد لە جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان – وێنە؛ میدیای ئەمریکا
"ئێران بەردەوام بێ لە هێرش زۆر بەتوندی لێی دەدەین"
ترەمپ: زۆربەی کێشەکانی لوبنان چارەسەر دەکەین
شۆڕش قادری
ترەمپ دەڵێت، کێشەکانی لوبنان چارەسەر دەکەن و ئێرانیش بەردەوام بێ لە هێرش کردنەسەر کەشتییەکان، زۆر بەتوندی لێی دەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 21.7.2026 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازیکرد لە جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان، دواتر وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیان دایەوە و ترەمپ وتی، “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لوبنان زۆر باشن، کۆبوونەوەی باشمان هەبوو و زۆرێک لە کێشەکانی تایبەت بە لوبنان چارەسەر دەکەین”.
“پێموایە لوبنان وڵاتێکە کە ماوەیەکی زۆرە خراپ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت”، ترەمپ وای وت.
سەرۆکی ئەمریکا دیسان شەڕی ئێرانی هێنایەوە بەرباس و وتی، “گەمارۆدانی گەرووی هورمز بەردەوامە و کەس ناتوانێ لێی بپەڕێتەوە، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان، بە 10 هێندە بەهێزتر لێی دەدەینەوە”.
لای خۆشیەوە جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، “سوپاسی سەرۆک ترامپ دەکەم بۆ ئەو دەستکەوتە مێژووییانەی کە پێکەوە بەدەستمان هێناوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیانە بەتەواوەتی کۆتایی بە دوژمنایەتی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بهێنن و کاتی ئەوە هاتووە کە لوبنان و هەموو ناوچەکە لە سەقامگیری و ئاسایش بەهرەمەند بن.