دادوەر فەرمانی کردووە

لە بەغدا هەوڵی دروستکردنی 25 درۆن شکستی پێهێنرا

ئەحمەد مستەفا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیەندراوێکی فەرمی ئاشکرای کرد، توانیویانە هەوڵێک بۆ دروستکردن و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان “درۆن” لە ناو جەرگەی بەغدادی پایتەختدا پوچەڵ بکەنەوە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە لە ژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی سێیەمی تایبەت بە کەیسەکانی دەزگاکە بەڕێوەچووە.

لەگەڵ ئەوەی مەفرەزەکانی ئاسایش بە جێبەجێکردنی فەرمانی گرتن و پشکنین، توانیویانە سێ تۆمەتباری سەرەکیی تێوەگلاو لەم چالاکییە نایاسایییەدا دەستگیر بکەن.

لەکاتی هەڵکوتانەسەر شوێنەکە و گەڕانی مەیدانی، هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر 25 پەیکەری ئامادەکراوی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا گرتووە، لەگەڵ کۆمەڵێک ئامێر و کەلوپەلی تەکنیکی کە بۆ بەستن و بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆ بەکارهێنراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەم هەوڵە نایاسایییە بەر لە تەواوبوونی و کەوتنەکاری درۆنەکان پەکخراوە و ئامانجەکانیان پوچەڵ کراوەتەوە.