لیترێک نۆرماڵ بە 450 دینارە

سەرەڕای گرانی بەنزین هێشتا لە کەرکوک بە کۆبۆن دابەش دەکرێت

کاروان ساڵحی – کەرکوک

سەرەڕای گرانی بەنزین لە شارەکانی کوردستان، هێشتا لە کەرکوک بەنزین بە کۆبۆن دابەش دەکرێ و هەر لیترێک لە جۆری نۆرماڵ بە 450 دینارە.

لە شاری کەرکوک رۆژانە سێ جۆرە بەنزینی نۆرماڵ و موحەسن و سوپەر بە کۆبۆن و لە 72 بەنزینخانە دابەش دەکرێت، کە لیترێک نۆرماڵ بە 450 دینار و موحەسن بە 850 دینار و لیترێک بەنزینی سوپەریش بە 1250 دینارە.

لە دوو سێ رۆژی رابردوودا لە بەنزینخانە ئەهلییەکانی کەرکوکیش بەنزین گرانبووە و هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە 950 دینارەوە بووە بە 1100 دینار، موحەسن لە 1200 دینارەوە بووە بە 1250 دینار و جۆری سوپەریش بە 1500 دینارە لە ئێستادا.

بەهۆی رێنماییەکانی سەلامەتی و رێگریکردن لەو تانکەرانەی رۆژانە بەنزین دێننە ناو کەرکوکەوە کە بۆیان نییە لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ تاوەکو کاتژمێر 4ـی عەسر داخلی شار ببن، هەندێک جار قەرەباڵغی لەناو بەنزینخانەکان دروست دەبێ و سەرەیەکی دوورودرێژ دەبەسترێ.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری