دیمەنی یەکێک لە هێرشەکان بۆ سەر باشووری ئێران - وێنە؛ ئەرشیف
سیستمی بەرگری موشەکی لە نزیک بنکەی ئەتۆمی چالاک کرا
سێنتکۆم: گەڕێکی دیکەی هێرشمان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد
شۆڕش قادری
سوپای ئەمریکا گەڕێکی دیکەی هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و لە نزیک بنکەی ئەتۆمی بوشەهریش سیستمی بەرگری ئاسمانیی چالاک کرا.
کەمێک پێش ئێستا فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە کە بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان (دۆناڵد ترەمپ) گەڕێکی دیکەی هێرشیان دژی ئێران دەستپێکردووە.
هەروەک پێشتر، سێنتکۆم دەڵێت، ئامانجی ئەو هێرشانە، بۆ زیاتر دابەزاندنی توانا سەربازییەکانی ئێرانە کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بەکاریان دەهێنێت.
پێش ئەم راگەیەنراوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە ئێران کردبوو و رایگەیاندبوو، هەرجارێک ئێران سەربازێکی ئەمریکی بکوژێت، چەندین بەرامبەر باجەکەی دەدات.
هەر لە ئێوارەشەوە چەندین جار دەنگی تەقینەوە لە بەندەرعەباس و چابەهار و کێنارەک و شیراز و چەند شارێکی دیکەی باشووری ئێران بیستراوە و کەمێک لەمەوبەریش میدیای ئێران بڵاویکردەوە کە سیستمی بەرگری ئاسمانیی لە دەورووبەری بنکەی ئەتۆمی بوشەهر چالاک کراوە.