"رۆژانە 8 مریشک دەخۆن"
شێر بەخێوکردن لە سیتەک؛ دانەی بە 45 گەڵای پێدراوە
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
بەخێوکردنی ئاژەڵی کێوی و دڕندەکان لە ناو باخەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردە، لە ناحیەی سیتەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی، چەند کەسێک خەریکی بەخێوکردنی شێرن و خاوەنەکانیان دەڵێن، “ئەم ئاژەڵانە هی گاڵتە نین و مەسرەفیشیان زۆر گرانە.”
دیلانی پەیامنێرمان چووەتە لای یەکێک لەو خاوەن باخانەی کە شێر بەخێودەکات و دەڵێت، هەر یەکێکیان رۆژانە 8 مریشک دەخۆن و تێچووی بەخێوکردنیان زۆر گران دەکەوێت، هەتا گەورەتریش بن زەحمەتتر دەبن.
ئەو خاوەن شێرانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ئاژەڵانە لەگەڵ ژن، منداڵ و هیچ ئاژەڵێکی تردا ناگونجێن و دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، چونکە ئەگەر جەوی تەواو نەبێت رەنگە پەلامارت بدات، ئەگەر ئازاریشی بدەی لەبیری ناکات و تۆڵەی خۆی دەکاتەوە.
سەبارەت بە نرخەکانیشیان، خاوەنەکەی ئاشکرای کرد کە بۆ کڕینی هەر دانەیەک لەو شێرانە بڕی 45 گەڵا (4500 دۆلار)ـی پێدراوە، تا گەورەتریش بن مەسرەفییان قورستر دەبێت.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح