"چارەسەری گونجاو بۆ دابەشکردنی زەوی دەکەین"

شارەوانی کەلارەوە وەڵامی داواکاری فەرمانبەران و خانەنشینانی سێ ناحیەکەی دایەوە

فەرهاد حەسەن

سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار، وەلادی داواکاری ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی گەرمیان دایەوە کە لە سێ ناحیەی ئیدارەکە داوایان کردبوو لەکاتی دابەشکردنی زەویدا جیاوازی نەکرێت.

شارەوانی دەڵێت، دوای ئەوەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ناحیەکان داواکارییان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی زەوییەکانیان لە کەلار پێبدرێت، لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان و نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکایەتیی شارەوانی کەلار، بڕیاردراوە کە لە قۆناغی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەویدا، چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتە بکرێت.

دەشڵێت “چارەسەرکە بە جۆرێک کە بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و خانەنشینانی ناحیەکاندا بێت و ئەوانیش لە پرۆسەکە سوودمەند بن”.

فەرمانبەران و مامۆستایانی هەریەک لە ناحیەکانی پێباز، مەیدان و شێخ تەویل داوایان کردبوو جیاوازی لە دابەشکردنی زەوی نەکرێت و ئەوانیش بەبێ جیاوازی لەگەڵ فەرمانبەران و مامۆستایانی کەلار لە سنوری شارەوانی کەلار سودمەند ببن.