یەکشەممە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن

فەرمانبەرانی سێ ناحیەی گەرمیان داوا دەکەن بۆ دابەشکردنی زەوی جیاوازی نەکرێت

فەرهاد حەسەن

فەرمانبەران و مامۆستایانی هەریەک لە ناحیەکانی پێباز، مەیدان و شێخ تەویل داوا دەکەن بۆ دابەشکردنی زەوی فەرق و جیاوازیان لەنێواندا نەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دایانناوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو سەردانی لایەپەیوەندیدارە حکومییەکان بکەن.

بەپێی راگەیەندراوێک کە ئاڕاستەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، دەڵێن، لە ماوەی رابردوودا سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران، دانیشتن و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانییەکانی گەرمیان کردووە، دڵنیاییان وەرگرتووە کە بە پێی رێنمایی هەر ناحییەیەک زەوییەکەی بەهای ئابوری نەبێت لە نزیکترین قەزا یاخود سەر بە هەر قەزایەک بێت زەوی پێدەدرێت.

بەڵام دەڵێن “بەداخەوە لە ئێستادا زەوی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان دابەشکراوە و ناوی فەرمانبەران و مامۆستایانی ئەم ناحیە و شارەوانیانەی تێدانییە”.

داواکاری و سکاڵای خۆیان بە شێوەیەکی ئیداری و مەدەنیانە دەخەنەڕوو و داوا دەکەن بەبێ جیاوازی لەگەڵ فەرمانبەران و مامۆستایانی کەلار لە سنوری شارەوانی کەلار سودمەند ببن.

ئاماژە بەوەشکراوە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 19.7.2026 سەردانی لایەنی پەیوەندیدار و ناوەندە حکومی و حزبیەکان دەکەن لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی خۆیان، چونکە دەڵێن “خۆمان بە خاوەن ماف دەزانین و ئێمەش بەهەمان شێوەی فەرمانبەرانی دیکە خزمەتمان بە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم کردووە”.