پێنج حکومەت و هیچ حکومەتێک

سێ گۆشەی مەرگ و ژیانی رەوەندەکانی سەر سنور


وریا فەتاح

لە نوێترین گەشتی مەیدانیدا بۆ بەڵگەمەندکردن و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی رەشماڵ نشینان، کامەران عوسمان، رێکخەری تیمی کوردستانی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، بە زمانێکی گێڕانەوەی ئەدەبی باس لە دۆخی سەخت و پڕ لە مەترسی سێگۆشەی سنووری دەکات. ئەمەی خوارەوە دەقی راپۆرتەکەیە:
2 رۆژ لەوەو پێش، دەگەڵ خۆر هەڵاتن، لە شارۆچکەی سۆرانەوە بەرەو دەڤەری لۆلان (سێگۆشەی سنوریی نێوان ئێران-تورکیا-عێراق) بەڕێکەوتین. لە دوای 2 کاتژمێر گەیشتینە کوێستانەکانی بێرکم. هێشتا 2 کاتژمێری ترمان مابوو بگەین بە شوێنی مەبەست، هەواڵ هات کە سوپای تورکیا لەسەر ڕێگا بازگەی داناوە و خەڵک وەگیردەهێنن. رێگەی تێپەڕبوون نیە. ڕێگەی گەڕانەوەش ئەوەندە ئاسان نەبوو.
بە ناچاری، ملی رێگای سەختی کوێستانەکانی مێرگە میر، مێرگە دوکان و مێرگە حەوشمان گرتەبەر. بە درێژایی رێگا بارەگای سوپای تورکیامان لە قوڵایی دەڤەری برادۆست لێ دیاربوو. جار جار، بۆ شکاندنی تینویەتی، لە کانیاوە سازگارەکانی خاکی پیرۆزی کوردستان لامان دەدا و بە دیار تێڕامان لە بارەگاکانی تورکیا گەروومان فێنک دەکردەوە.
رێگا سەخت بوو، ماشێن بەقورسی ڕێگای تەی دەکرد. دوای 6 کاتژمێر شۆفێری و هەندێک بە پێ ڕۆشتن، لە بێرکمەوە گەیشتینە کوێستانەکانی خنێرە لە لۆلان. بۆ کاری ڕێکخراوەیی و ئاگاداربوون لە دۆخی ڕەشماڵ نشینانی سێگۆشەی سەر سنور، لەلای هەواری هەرکییان لە کەنداکۆڵان بنەمان دانا. لە سەر چیای بەرامبەرمان، پایەگای سوپای پاسداران هەبوو کە بە قوڵایی 4 کیلۆمەتر لە ناو خاکی کوردستان جێگیرکرابوو. لەسەر چیای دەستە چەپیشمانەوە بارەگای سوپای تورکیا هەبوو کە بە قوڵایی 7 کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمدا و لەسەر چیای شاکیف دەبیندرا.
بەڵگەمەندکردن و قسەوباس لەگەڵ ڕەوەند و شوان و بێریڤانان تەواو بوو. نانمان خوارد و دەستمان کرد بە یاری کردن و بیستنی چیرۆکی سەرنجڕاکێش و ناوازەی کۆچەرییان. شەکەتی رێگابووین و ماندوویەتی هەر زوو لە جێی خستین و ئامادەبووین بۆ خەو. هەوای فێنکی کوێستان سەری لوتمانی تەزاندبوو. ئەستێرە بە ئاسمانەوە دەدرەوشانەوە و تاکە سەرچاوەی ڕوناکی ئەو شەوە تاریکە ئەستێرە بوون. جوانی چیا و چۆڵی کوردستان و قورسی کاری ڕەوەندان بردبومیە خەیاڵی قوڵەوە. لە پڕ خەیاڵم بە دەنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا پچڕا. فڕۆکەی تورکی تا بەری بەیان هەر گیزەی دەهات و دەسوڕایەوە. بەردەوامی فڕۆکەکە، دەنگەکەی لا ئاسایی کردمەوە و خەوم لێکەوت. لەگەڵ گزنگی بەیاندا، هاوار لەدەرەوە هات و گوتیان موشەک هات. بە پێ خواسی لە ڕەشماڵەوە ڕامانکردە دەرەوە و لە ئاسمان 2 موشەکی ئێرانیمان بینی کە بەڕێوەبوون بۆ هەولێر. ئاسمانی لۆلان فڕۆکەی تورکی و موشەکی ئێرانی لە خۆ گرتبوو. سەر زەمینیش پایەگای ئێرانی و بارەگای تورکی.
قسەی رۆژێک پێشتری یەکێک لە پیرە ڕەوەندەکانم بیرکەوتەوە کە گوتی “ لێرە 5 حکومەتمان هەیە و هیچ حکومەتێکیشمان نییە. سوپای پاسدارانی ئێران، سەربازی تورکی، حکومەتی هەرێم، پاسەوانی سنوری عێراق و پەکەکە. هیچیشی لێرە نین بۆ ئاشتی. هەمووی هەر بۆ شەڕ لێرەن”.
دوای بەرچاییەکی بە تاڵوکە، بەخۆ کەوتین و ملی ڕێگامان بەرەو شاری گرتەوەبەر. گوتیان ئەگەر پێش کاتژمێر 7 لە کوێستانەکانی سنین دەربچن، ئەوا سەربازی تورک ڕەت دەکەن و لەسەر رێگا توشیان نابن و بەگیرتان ناهێنن. بەخێرایی بە ڕێگاکەدا دەڕۆیشتین. ئاسەواری وێرانکاری سوپای تورکیامان بە چاوی خۆمان دەبینی. لەسەر گاشەبەردەکان ئاڵای تورکیایان نەخشاندبوو. زنار و رێگایان هەڵدڕی بوو. داروباریان بە سەر زەویەوە نەهێشتبوو. 7 تەلبەند و رێگەبەندی سوپای تورکیامان تێپەڕاند. لە پڕێک چاومان کەوتە سەر سەربازی بێری شینی تورک کە بەڕیز ڕێگەیان تەی دەکرد و بەرەو ڕێگای سەرەکی دەهاتن. بەر لەوەی بگەن ئێمە لەوێ دەرچووین. لەوەیە 5 خولەک درەنگتر گەیشتباین، لەوێ بەگیریان هێناباین.
کاتێک گەیشتینە سەر لوتکەی گەرووی سنگان و بۆ چەند چرکەیەک دەستمان بە ئینتەرنێت راگەیشتەوە، یەکەم هەواڵ کە بە پەیامی دەنگی پێم گەیشت ئەوە بوو “کاکە بە 6 موشەک لە بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان دراوە و 8 پێشمەرگەمان لێ شەهید بووە. 3 کەسی دیش بە سەختی بریندارن”.