لە سبەینێوە
بەهۆی قەیرانەوە؛ لە هەڵەبجە غازی ماڵان بە کارتی نەوت دابەش دەکرێت
964+
وریا فەتاح
بەهۆی دروستبوونی قەیرانی غازەوە، لیژنەی سووتەمەنی لە قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە بڕیاریدا سیستمی دابەشکردنی غازی ماڵان گۆڕانکاری تێدا بکات و لە سبەینێوە پرۆسەکە لە رێگەی کارتی نەوتەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی لیژنەی سووتەمەنی هەڵەبجە، ئەم بڕیارە تا کاتی ئاساییبوونەوەی قەیرانەکە بەردەوام دەبێت. بەپێی میکانیزمە نوێیەکە، هەر خێزانێک تەنیا یەک بتڵ غازی پێدەدرێت و لە کاتی وەرگرتنی غازەکەشدا پسوڵە یان کارتی نەوتەکە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، قائیمقامیەتی هەڵەبجە داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە بە مەبەستی دەستکەوتنی غاز بە هیچ شێوەیەک سەردانی کارگەکانی بەرهەمهێنانی غاز نەکەن، چونکە لە ناو کارگەکاندا غاز بە تاک نادرێت و پێویستە هەموان پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن.