بۆ گەڕان و دۆزینەوەی نەوتە لەو شارە
عێراق زەبەلاحە نەوتییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دەهێنێتە کەرکوک
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە کە هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت لە پارێزگای کەرکوک دەستپێکرد و یاداشتێکی لێکگەیشتنیان لەگەڵ دوو لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان واژۆ کرد.
وردەکاریی رێککەوتنەکەیان بریتییە لەوەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق یاداشتێکی لێکگەیشتنی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای BPی بەریتانی و کونوکۆ فیلیپسی ئەمریکی واژۆکردووە.
وەزارەت دەڵێت، ئامانجی ئەم یاداشتە دەستپێکردنی گفتوگۆیە لە نێوان ئەم دوو کۆمپانیایە و کۆمپانیای نەوتی باکوور، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری و لێکۆڵینەوە لە دەرفەتە نوێیەکانی گەڕان و دۆزینەوەی نەوت لە کەرکوک.
باس لەوەشکراوە، کە ئەم یاداشتە ئامانجی لێکۆڵینەوەیە لەو توانا و دەرفەتە بەپیتانەی لە کەرتی نەوتی کەرکوکدا هەن و وەزارەتیش دەیەوێت لە رێگەی ئەم هاوبەشییەوە، هەماهەنگییەکی درێژخایەن لە بوارەکانی گەڕان و پەرەپێدان دروست بکات، کە ئەمەش هاوکار دەبێت لە جێبەجێکردنی پلانەکانی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و سوودوەرگرتنی زیاتر لە سامانی هایدرۆکۆربۆنی وڵات.
روونیشیکراوەتەوە کە بایەخێکی دیکەی ئەم رێکەوتنە لە چوارچێوەی ستراتیژی نوێی وەزارەتی نەوتدایە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە جێگیر و بەناوبانگەکان، چونکە دەلێت “عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم رێککەوتنانەوە سوود لە نوێترین تەکنەلۆژیا و شارەزاییە جیهانییەکان وەربگرێت بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی کەرتی نەوت و گاز لە تەواوی وڵاتدا”.