مژدەیەکی ئابوورییە بۆ عێراق
حەوت بانک دەگەڕێنەوە ناو سیستەمی دارایی جیهانی و سزاکانیان لەسەر لادەبرێت
فەرهاد حەسەن
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بلاویکردووەتەوە، وەک دەرەنجامێکی گرنگی سەردانە فەرمییەکەی عەلی فالح زەیدی بۆ واشنتۆن، بانکی ناوەندیی عێراق گەیشتە رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ گەڕانەوەی بانکە سزادراوەکانی عێراق بۆ ناو بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
گەڕانەوەی بانکەکان کە ژمارەیان حەوت دانەیە بۆ ناو سیستەمی بانکیی جیهانی، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرز لە نێوان پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا، لێکتێگەیشتنێک هاتە ئاراوە کە رێگە دەدات بەو بانکە عێراقییانەی پێشتر سنووردارکرابوون، دووبارە دەست بکەنەوە بە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکان.
باس لەوەکراوە، لە قۆناغی یەکەمدا، ئەم بانکانە دەتوانن بە دراوە بیانییەکانی تر جگە لە “دۆلاری ئەمریکی” مامەڵە بکەن، دەشڵێت “ئەم رێکەوتنە دوای ئەوە دێت کە بانکەکان توانیویانە مەرجەکانی “پابەندبوون، حوکمڕانی و چاکسازی” جێبەجێ بکەن و قۆناغی یەکەمی چاکسازیی بانکی تێبپەڕێنن.
لایخۆشییەوە، بانکی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بانکانەی بە سەرکەوتوویی ئەم قۆناغە تەواو دەکەن، لە قۆناغی داهاتوودا مافی ئەوەیان دەبێتەوە کە مامەڵە بە “دۆلاری ئەمریکی”ش ئەنجام بدەن، کاتێک هەموو پێداویستییە رێکخراوەییەکانی دیکەیان تەواو کرد.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای دەکات، کە لە ئێستادا حەوت بانکی عێراقی ئامادەن و هەموو مەرجەکانیان تێدایە بۆ ئەوەی دەستبەجێ بگەڕێنەوە ناو کەناڵە داراییە نێودەوڵەتییەکان و بە دراوە جیاوازەکان (جگە لە دۆلار) مامەڵە بکەن، ئەمەش وەکو هەنگاوێک بۆ گەڕانەوەی تەواوەتییان بۆ ناو سیستەمی دۆلاریش لە داهاتوویەکی نزیکدا.
نووسینگەی سەرۆ وەزیران دەڵێت، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی گشتگیری بانکی ناوەندی بۆ مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەهێزکردنی توانای کێبڕکێی بانکەکان لە ئاستی جیهانیدا و بانکی ناوەندییش پابەندی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی وردی بانکەکان بە مەبەستی رێگریکردن لە “سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر”، دووپاتیشیدەکاتەوە کە “هەر بانکێک پابەندی ستانداردە جیهانییەکان نەبێت، مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە یان مامەڵە نێودەوڵەتییەکانی رادەگیرێن”.