دڵ لە دڵ مەدەن غاز گران نابێت؛ غازەکەى عێراق گەیشت

964+

وریا فەتاح

دوای وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر و دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان، غازی شلی ماڵان (LPG) لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە گەیشتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەمەش مەترسیی سەرهەڵدانی قەیرانی غاز و گرانبوونی نرخەکەی بەتەواوی رەوییەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند؛ یەکەم کاروانی غازی شل کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دابینکراوە، گەیشتووەتە پارێزگاکانی هەرێم. ئاماژەی بەوەشکردووە کە بڕیارە رۆژانە بڕی پێویست لەو غازە رەوانەی شارەکانی کوردستان بکرێت، ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی دۆخی کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە و بەرهەمهێنان تێیدا دەستپێدەکاتەوە.

ئەم هەنگاوە خێرایە دوای ئەوە دێت کە رۆژى پێنجشەممە، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە کۆمپانیای داناگاز بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگرت. دەستبەجێ وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم (بە وەکالەت) رەزامەندیی وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە بەدەستهێنا و تەنکەرەکانی غاز بەرەو هەرێم بەڕێخران.

گەیشتنی ئەم غازە موژدەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و دڵنیایی دەدات کە سەرەڕای کێشەکانی کۆرمۆر، قەیرانى غاز روونادات، چونکە بڕی پێویست بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی رۆژانە بەردەوام دەگاتە دەست بریکارەکان.