رێنماییەکانی خۆپارێزی لە گەرما
بەپێی زانستی پزیشکیی گەرمیانییەکان زوو چاویان کز دەبێ
میلاد جەلال – گەرمیان
بەپێی زانستی پزیشکیی، گەرمیانییەکان زووتر لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان تووشی نەخۆشییەکانی چاو دەبن، بۆیە باشترە لەم وەرزەی ساڵدا ئاگایان لە تەندروستی خۆیان بێ و تا بۆیان دەکرێ لە ناوەڕاستی رۆژدا نەیەنە دەرەوە.
سیروان ئەحمەد، وتەبێژی بەشی ھۆشیاری لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان بە 964ـی وت، “لەوەرزی ھاوین کە پلەکانی گەرما بەتایبەت لەگەرمیان زیاتر بەرزدەبنەوە، پێویستە ھاوڵاتیان خۆیان بپارێزن لەو تیشکە زیانبەخشانە”.
“واباشترە لە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ تا 4ـی ئێوارە ھاوڵاتیان ئەگەر زەرور نەبن نەیەنە دەرەوە، هاتیشنە دەرەوە دەبێ کڵاو و دژەخۆر بەکاربهێنن، کوالێتی دژەخۆر زۆر گرنگە و خواردنی دەرەوەش نەخورێ، باشترە “، سیروان ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان، خەڵکی ناوچە گەرمەسێرەکان 60٪ زووتر و زیاتر لە خەڵکی ناوچەکانی دیکە گرفتی چاویان بۆ دروست دەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری