کۆترفرۆشێکی شارەزا باسی دەکات

“دەنوکی کورت و ئەستوور نرخەکەی گرانتر دەکات”

رازاو ئەمین – سلێمانی

کۆتر یەکێکە لە باڵندە جوان و سەرنجڕاکێشەکان و لە دێر زەمانەوە کەسانێک وەک خولیایەک رایدەگرن و دەیکڕن هەم بۆ جوانی و هەمێش هەندێک جار سوودی ماددی دەبێت بۆیان.

هەڵمەت ئیبراهیم کە شارەزا و فرۆشیارێکی کۆترە بە 964ـی وت، پێوەری سەرەکی بۆ دیاریکردنی نرخ و جوانیی کۆتر، بریتییە لە قورسیی کێش و کورتیی دەنوکەکەی، ئەو دەڵێت “هەتا کۆتر دەنوکی کورتتر و ئەستورتر بێت، نرخەکەی بەرزتر دەبێتەوە”.

ئەو کۆترفرۆشە باسی لە کاریگەریی بارودۆخی ئێستا لەسەر بازاڕەکە کرد و دەڵێت، کە بەهۆی دۆخی نالەباری بازاڕەوە نرخەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیون، بەشێوەیەک ئەو کۆترەی پێشتر نرخەکەی 25 وەرەقە بووە، ئێستا دابەزیوە بۆ تەنیا یەک وەرەقە.

سەبارەت بە خواستی کڕیارانیش دەڵێت، کۆتری کوردی زۆرترین خواستی لەسەرە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوڵاتیان بە دوو مەبەستی جیاواز کۆتر بەخێو دەکەن، بەشێکیان تەنیا وەک خولیایەک و حەزێکی تایبەتی سەیر دەکەن و بەشەکەی تریش بۆ مەبەستی بازرگانی و بەدەستهێنانی قازانج رایدەگرن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی