رووداوی هاتوچۆ بووە
لە رێگای بازیان چوار کەس بریندارن و کەسێک گیانی لەدەستدا “نوێکرایەوە”
ئەحمەد محەمەد
بەم نیوەڕۆیە، لەسەر رێگای سەرەکی سلێمانی – بازیان و بەدیاریکراوی لە رێگای دێلێژە، رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە نێوان بارهەڵگرێکی سوتەمەنی و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت روویدا.
هاتوچۆی سلێمانی سەرەتا وتی، چوار کەس برینداربوون، دواتر یەکەی فریاکەوتن لە سلێمانی رایگەیاند، رووداوەکە پێنج برینداری هەبووە و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە.
سامان نادر، بەرپرسی سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی بە 964ی وت، لەرووداوەكەی بازیان تیمەكانمان پێنج كەسیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی شار، لە ناویاندا بەهۆی سەختی برینەكەیەوە كەسێكیان گیانی لەدەستداوە.
موقەدەم ئەڵێن کەریم، ئەفسەر لە هاتوچۆی بازیان بە 964ی وت، بارهەڵگرەکە کەهەڵگری سوتەمەنی بەنزین بووە لێچوونی هەبووە، بەهۆی رووداوەکەوە تیمەکانی بەرگری شارستانی لە شوێنەکە ئامادەن لەپێناو دروست نەبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
تا ئێستا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامەو کەشف و هێڵکاریی بۆ دۆزینەوەی هۆکاری راستەقینەی کەوتنەوەی ئەو رووداوە دەکرێت، ئەفسەرەکەی هاتوچۆی بازیان وتی، پاشان بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە، ئەنجامەکان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا