رەماش لێدەى چاوەڕێى سزاى توندبە

هاتووچۆی دەربەندیخان هۆشدارییەکی توند دەداتە شۆفێران و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی راگەیاند

میلاد جەلال- گەرمیان

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دەربەندیخان هەڵمەتێکی توندی یەک مانگەی بۆ رێگریکردن لە سەرپێچییە جۆراوجۆرەکانی هاتووچۆ راگەیاند و هۆشداری دەداتە ئەو شۆفێرانەی بە لایت و فلاشەرەکانیان شۆفێرانی بەرامبەر بێزار دەکەن.

جاسم محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتووچۆی دەربەندیخان بە964ـی راگەیاندووە، ماوەی یەک مانگ بەردەوام مەفرەزەکانیان لە کاتی جیاواز و بەتایبەت شەوانە درەنگ دەچنە دەرەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر کەسێک فلاشەری بێزارکەری (ڕەماش) لە ئۆتۆمبێلەکەی بەستبێت، یاخود حاوییەی بارهەڵگرەکەی تێکشکابێت و لە قەبارەی یاسایی خۆی لایدابێت، توندترین سزا دەدرێت.

بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان هۆشداریش دەداتە شۆفێرانی بارهەڵگر و رایدەگەیەنێت، هەر بارهەڵگرێک پسوڵەی کێشانی (قەپان)ی پێ نەبێت، راستەوخۆ دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

جاسم محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە رێکارەکان ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیش دەگرێتەوە، بەجۆرێک هەر ئۆتۆمبێلێکی بچووک تابلۆی پێوە نەبێت، یان جامەکانی بە شێوەیەکی نایاسایی رەش کردبێت، رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. داواش لە شۆفێران دەکات خۆیان لە هەر کارێکی نایاسایی و سەرپێچییەک بەدوور بگرن.