دوو کەسی دیکەش بەسەختی برینداربوون

لە قەڵادزێ ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا

شۆڕش قادری

لەدەروازەی قەڵادزێ ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا، دوو کەسی دیکەش بەسەختی برینداربوون.

نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ چەند وێنەیەکی ساتی گەیاندنی بریندارەکانی ئەو رووداوەی بۆ نەخۆشخانەکە بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، کاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار بریندار گەیەندرانە فریاکەوتنی قەڵادزێ، کە بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لەجۆری وەرگەڕان لەدەروازەی شار روویدابوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای گەیاندنی بریندارەکان بە نەخۆشخانە، دوو کەسیان گیانیان لەدەستداوە و یەکێکێشیان بەهۆی سەختی برینەکەی رەوانەی سلێمانی کراوە، ئەوە دیکەش تووشی خوێنبەربوون بووە و هەر لەوێ نەشتەرگەری بۆ کراوە.

تا ئێستا هۆکاری رووداوەکە و ناسنامەی ئەو کەسانەی تووشی ئەو کارەساتە بوون، نەزانراوە.