دیاری یەکەمی راپەڕین و دووەمی هەرێمە لە بەشی وێژەیی
فەرمان مەلا حەسەن – راپەڕین
یەکەمی بەشی وێژەیی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دووەمی هەرێمی کوردستانە و دەڵێت دایکم وەک قەڵا لە پشتم بووە بۆیە توانیومە ئەو نمرەیە بێنم.
دیاری خالید ئەو قوتابییەی کە یەکەم بووە بە 964ی وت: شەو و رۆژم خستبووە سەر یەک بۆ ئەوەی نمرەی باش بێنم و چاوەڕوانی زیاترم دەکرد، بەڵام وانەی عەرەبی ئاستەنگی بۆ دروستکردم.
ئەو قوتابییە وەک خۆی باسی دەکات، لە 40 رۆژی کۆتایی هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی رەشکردوونەتەوە و تەنیا یوتیوب و تێلیگرامی بەکارهێناوە بۆ بینینی وانەکان، وتیشی: دایکم قەڵا لە پشتم بوو بۆیە توانیم ئەو نمرەیە بەدەستبێنم.
فاتمە حوسێن، دایکی دیاری بە 964 وت: خودا پاڵپشتی بوو خۆشی بە توانا بوو، منیش هەرچی پێمکرا بۆم کرد، سوپاس بۆ خودا پلەی باشی بەدەستهێنا.
دوێنێ پێنجشەممە 9.7.2026، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانیەوە بۆ ساڵى خوێندنى 2025 – 2026 بڵاوکردەوە.
بۆ وەرزی خوێندنی ئەمساڵ 117 هەزار و 142 قوتابی لە دوو هەزار و سێ هۆڵدا، بە چاودێری 12 هەزار و 18 مامۆستا، بەشداری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـیان کردووە.
پێداچوونەوە: هەژان هادی