ئەنجومەنی دادوەری روونکردنەوەی هەیە و باسی دوو ئامانج دەکات

“سزای هەر تاوانبارێکی گەندەڵی سووک دەکرێ پارەی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە”

ئەحمەد مستەفا

ئەنجومەنی دادوەری عێراق بەم هەینییە روونکردنەوەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، نور زوهەیر لە کۆی زیاتر لە ترلیۆنێک و 600 ملیار دینار، تەنیا 365 ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە، وەک رێکارێک بۆ گەڕاندنەوەی پارەی دەوڵەت دەڵێ، سزای هەر تاوانبارێکی گەندەڵی سووک دەکرێت کە ئامادە بێت پارەی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕوونی دەکاتەوە کە لە ڕێگەی دادگاکانی تایبەت بە کەیسەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و داراییەوە دوو ئامانجی بەیەکەوە گرێدراو هەیە، یەکەمیان؛ لێپرسینەوە لەو کەسانەیە کە تاوانی گەندەڵی دارایی و ئیداری ئەنجام دەدەن، دووەمیان؛ وەرگرتنەوەی پارەی دەوڵەت.

ئەنجومەنەکە دەڵێ، لە دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیدا ئامانجیان سزادانی تاوانباران و گەڕاندنەوەی پارەی دەوڵەتە، بۆ ئەو مەبەستەش کار بۆ سووککردنی سزای ئەو کەسانە دەکرێت کە ئامادەن پارە دزراوەکان بگەڕێننەوە، ئاشکراشی دەکات نور زوهەیر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی ئەمانەتە باجییەکان، بە غیابی 10 ساڵ زیندانیی بۆ دەرچووە و داوای لێخۆشبوونیشی کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە دۆسیەی ئەمانەتە باجییەکاندا، پێشتر بە ڕێککەوتنی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆک وەزیرانی پێشوو، نور زوهەیر بە کەفالەت ئازاد کرا بۆ ئەوەی پارەکان بگەڕێنێتەوە، لەو کاتەدا 365 ملیار دیناری گەڕاندەوە لە کۆی یەک ترلیۆن و 618 ملیار دینار کە لەئەستۆی هەردوو کۆمپانیاکەی (قانێت و موبدیعون) بوو، بەڵام دواتر ناوبراو بۆ دەرەوەی عێراق هەڵات و پرۆسەی پارەدانەکە وەستا، بەهۆیەوە بە غیابی سزای 10ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا و فەرمانی دەستگیرکردنیشی ئاراستەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) کراوە.

دادوەریی عێراق دەڵێت، دوای دەرچوونی هەموارکردنەوەی یاسای لێخۆشبوونی گشتی، پارێزەرەکەی نور زوهەیر داوای کردووە بریکارەکەی بە مەرجی گەڕاندنەوەی تەواوی پارەکان بگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی دارایی ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە بۆ دیاریکردنی میکانیزمی وەرگرتنەوەی پارەکان. هاوکات لەسەر هەمان دۆسیە، 12 فەرمانبەری دەستەی گشتیی باجەکان سزادراون و لە زینداندان، هەروەها سزای غیابی بۆ بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو و چەند ڕاوێژکارێکیش دەرچووە، کە ئەوانیش دەتوانن لێخۆشبوون بیانگرێتەوە ئەگەر پارەکان بگەڕێننەوە، هاوکات دەست بەسەر سەروەت و سامانی ئەو کەسانەشدا گیراوە کە لە عێراق و کوێت بوون و تێوەگلاون.

لە بەشێکی تری روونکردنەوەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشووش کراوە کە ئەم تاوانە لە سەردەمی حکومەتەکەی ڕوویداوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە دۆسیەکەی داخراوە. سەبارەت بە دۆسیەی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و تۆمەتبار عەدنان جومەیلی و چەند پەرلەمانتارێک، ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر تاوانەکانیان پێش یاسای لێخۆشبوون بێت هەمان ڕێکاریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و سزاکانیان سووک دەکرێت لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی پارەکان، بەڵام ئەگەر دوای یاساکە بێت، ئەوا ڕێکاری توندتریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.