لە کەرکوکەوە بۆ جەیهان

بۆ یەک ساڵ عێراق و تورکیا هەناردەی نەوت نوێ دەکەنەوە

ئەحمەد مستەفا

وەزیری وزەی تورکیا رێکەوتنێکی نوێی کاتی بۆ ماوەی 12 مانگ لەگەڵ عێراق راگەیاند، کە بەمزووانە واژۆ دەکرێت و بەپێی رێکەوتنەکە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆریی کەرکوک بۆ جەیهان بەردەوام دەبێ.

ئاڵپئەرسەلان بایراکتار، نوێکردنەوەی رێکەوتنی نێوان وڵاتەکەی و عێراقی راگەیاند و کە رێکەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973 و لە ساڵی 2010 بۆ ماوەی 15 ساڵی دیکە درێژکرابوویەوە.

وەزیری وزەی تورکیا وتی،  رێکەوتنەکەیان لەگەڵ عێراق بۆ 12 مانگە و رۆژانی داهاتوو دەقەکەی بڵاو دەکەنەوە و واژۆی دەکەن، ئەوە لە کاتێکدا سەرەتای ئەم مانگە شاندێکی وەزارەتەکانی دەرەوە و نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان سەردانی ئەنقەرەیان کرد.

بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا “کەرکوک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا” توانای گواستنەوەی نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا.