"ئاوا بڕوات هەموومان بێ ئیش دەبین"
زیادبوونی باج لەسەر میوەی هاوردەکراو هاواری لە کاسبکارانی زاخۆ هەڵساند
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل باج لەسەر میوەی هاوردەکراوە زیادبووە و ئەوەش هاواری لە کاسبکارانی عەلوەی زاخۆ هەڵساند.
هەموو ساڵێک لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین و پێگەیشتنی میوەی خۆمان، وەزارەتی کشتوکاڵ باج لەسەر میوەی هاوردەکراو زیاد دەکات، وەک پشتگیری بۆ بەرهەمی ناوخۆ، ئەمڕۆ بەشێک لە بازرگانان و کاسبکارانی عەلوەی زاخۆ ناڕەزاییان دەربڕی و رەشید موراد نوێنەری عەلوەکە بە 964ـی وت، “پێشتر هەر تڕێلەیەک میوە بە هەزار دۆلار گومرگ دەکرا، ئێستا بووە بە 12 هەزار دۆلار”.
“ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆر و تەرزەوە بەرهەمی ناوخۆمان کەمە، باجیش ئەوەندە زۆر بێ ناتوانین لە دەرەوە میوە بهێنین و هەمووشمان بێکار دەبین”، مام رەشید وای وت.
عەلوەی زاخۆ پێشتر وەک شانە مێروو وابوو و رۆژانە 150 بارهەڵگر رووی تێدەکرد، بەڵام لەوەتەی باج لەسەر میوەی هاوردەکراو زیادبووە، تەنیا سێ بۆ چوار بارهەڵگر تیایدا دەبینرێن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری