دەڵێ؛ نیشانەیەکی ناڕاست پەیڕەو دەکرێ

ساڵێک دوای سووتانی چەکە و تەڤگەری ئازادی دۆخەکەی بەدڵ نییە

ئەحمەد مستەفا

سبەی شەممە 11.7.2026، ساڵێکی تەواو بەسەر ئەو دیمەنە تێدەپەڕێ، کە 30 گەریلا و  لەنێویاندا چوار فەرماندەی “پەکەکە” لە ئەشکەوتی جاسەنەی نزیک سلێمانی هاتنە خوارەوە و پەیامی ئامادەییان بۆ خەباتی مەدەنی خوێندەوە و چەکەکانیان وەک رێکارێکی سیمبوولی سووتاند.

لە یەکەمین ساڵیادی مەراسیمی سیمبوولی سووتاندنی چەک، تەڤگەری ئازادیی دەڵێ، پێداگریی خۆمان لەسەر پرسی ستراتیژیی تێکۆشانی سیاسیی و دیموکراتیک جارێکی دیکە دووپات دەکەینەوە، بەڵام هەنگاونەنانی دەسەڵاتداریی ئاکەپە-مەهەپە نیشانەی مامەڵەیەکی ناڕاستە بەرامبەر بە پڕۆسەکە.

تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر “فەسخکردن” کۆتاییهێنان بە کار و خەبات و چالاکی لەژێر ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی، تەڤگەری ئازادی و کۆمەڵگەی دیموکرات کە بۆ خەباتی سیاسی پاش خەباتی چەکداری راگەیەندرا، بڵاوکراوەی هەیە.

ئەو تەڤگەرە ئەمڕۆ هەینی 10.7.2026 دەڵێ،  هەنگاونەنانی دەسەڵاتداریی ئاکەپە-مەهەپە نیشانەی مامەڵەیەکی ناڕاستە بەرامبەر بە پڕۆسەکە، ئێمە لە ئەزموونەکانی چارەسەرکردنی شەڕدا، گونجاوترین و باشترین هەڵوێست نیشان دەدەین، زانراویشە کە ئێمە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد بۆ گەلەکەمان دەنێین.

لەبارەی بەرپرسیارێتیان دەڵێ، ئەرکی هەموو لایەکیانە کە تورکیایەکی دیموکراتیک بونیاد بنێن، کە گەلانی بەشدار لەسەر بنەمای ئاوێتەبوونی دیموکراتیک بە شێوازێکی ئازاد تێیدا بژین، وە پێویستە گەلی کورد و سەرجەم گەلانی تورکیا بۆ خوڵقاندنی تورکیایەکی لەم شێوەیە، بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان لە هەموو روویەکەوە جێبەجێ بکەن.

ئێمەش بەپێی ئەو بەرپرسیارێتییەی، کە لە ئەستۆمانە بەرامبەر بە گەلەکەمان، لە چوارچێوەی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدا، لەمەودواش بەردەوام دەبین، لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆمان، تەڤگەری ئازادی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک وا دەڵێ.

لە ئەشکەوتی جاسەنە رۆژی 11ی تەمموزی 2025 بوو، پڕۆسەیەکی مێژوویی و هێمای تێدا  بەڕێوەچوو کە تێیدا گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و سووتاندیان، ژمارەی گەریلاکان 30 کەس کە چوار فەرماندەی باڵای پەکەکەیان تێدابوو، ئەو چەکانەی سووتێنران بریتی بوون لە کلاشینکۆف، بیکەیسی، ئارپێچی.

لیژنەی تایبەتی پەرلەمانی تورکیا کە بە فەرمی ناوی “کۆمسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزیی نیشتمانی” بوو، لە کاتی دامەزراندنیەوە لە ئابی 2025، چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای چەکدانان و چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە، بەڵام لە ماوە و کرداری لیژنەکە و هەنگاوی دەسەڵات، لەلایەن سەرکردایەتی پەکەکە گومان هەیە و لە لێدوانەکانیاندا باسیان کردووە.