پێشتر 3000 دۆلار بوو
بانکی ناوەندی پشکی دۆلاری بۆ گەشتیاران کردە 2000 دۆلار
فەرهاد حەسەن
بانکی ناوەندی روونکردنەوە لهبارهی کەمکردنەوەی پشکی دۆلار به گەشتیاران دەدات و بۆ ئەم مەبەستەش رێنمایی رێکخستنی نوێی لەسەر میکانیزمی دابینکردنی داواکاری لەسەر دراوی بیانی بۆ گەشتیاران دەرکرد، کە لهمهودوا ههر گهشتیارێك بڕی دوو ههزار دۆلاری پێدهدرێت لە مانگێکدا، لهكاتێكدا پێشتر بڕی سێ ههزار دۆلاریان پێدهدرا.
بانکەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا باسی لهوهكردوه، “ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی رێکارەکانی پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی پڕۆسەکانی فرۆشتنی دراوی بیانی و بەرزکردنەوەی کارایی دابەشکردنی سەرچاوەکان دێت، بە شێوازێک کە لەگەڵ باشترین شێوازە بانکییە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، “ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی پاکێجێک لە چاکسازییە ڕێکخستنەکاندا دێت کە ئامانجیان دەستەبەرکردنی گەیشتنی دراوی بیانییە بە هاوڵاتییان، بە شێوازێک کە بەشداربێت لە بەهێزکردنی سەقامگیری بازاڕی دراو و بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان”.
بانکی ناوەندی عێراق له راگهیهندراوهكهدا دهشڵێت، “رێکارە نوێیەکان تەنیا رێکخستنین و ئامانجیان بەرزکردنەوەی توانای بانکەکەیە بۆ رووبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییە ئابورییەکان و هاوشانبون لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکانی سیستەمی پارەدان”.
بانكهكه هاوکات داوای کردوه کە کارتەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، چ کرێدیت بێت یان پێشوەختە پارەدارکراو (Mastercard/Visa)، بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی گەشتکردن بۆ دەرەوەی عێراق بەکاربهێنرێن.
بانکی ناوەندی عێراق رێکاری نوێ بۆ پێدانی دۆلاری گەشتیاری بەکاردەهێنێت، گەشتیاران دەتوانن بڕی دیاریکراوی دۆلار بە نرخی فەرمی (واتا 100 دۆلار بەرامبەر بە 132 هەزار دینار) بکڕن. سیستەمەکە گۆڕاوە و بڕی دۆلاری پێدراو کەمکراوەتەوە، دەبێت لە فڕۆکەخانەکان یان بانکە پەسەندکراوەکان داوای بکرێت.
مەرجەکانی وەرگرتنی دۆلار به نرخی فهرمی:
پاسپۆرت و ڤیزا؛ دەبێت پاسپۆرتەکەت کارا بێت و ڤیزای وڵاتی مەبەستت هەبێت.
تیکتی فڕۆکە؛ پێویستە تیکتی فڕینت هەبێت. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پێویستە تیکتەكهت چون و گهڕانهوه بێت.
شوێنی وەرگرتن؛ دۆلارەکە لە ڕێگەی لقەکانی بانکی ڕەشید یان بانکە بازرگانییە فەرمییەکانەوە لەناو فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان دابەش دەکرێت.
ئامادەکاری دینار؛ پێویستە دیناری عێراقی بە کاش یان کارتی بانکی ئامادە بکەیت بۆ گۆڕینەوەی بە دۆلار بە نرخی فەرمی.