وەزارەتی دارایی و ئابووری:

داهاتی حەوت ساڵی رابردووی باج لە هەرێم زیاتر لە 5 ترلیۆن و 400 ملیار دینار بووە

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی دارایی داهاتی حەوت ساڵی رابردووی  باج لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا زیاتر لە پێنج ترلیۆن و 400 ملیار دینار بووە.

لە درێژەی خستنەڕووی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و لەچوارچێوەی پەیڕەوکردنی بنەماکانی شەفافیەت و ئەنجامدانی چاکسازی، بەشی دووەمی داتا و زانیارییەکان کە تایبەتە بە داهاتەکان و وردەکارییەکانی لەسەر ئاستی وەزارەت و  پارێزگاکان خستووەتەڕوو.

بەپێی داتاکان کە وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، کۆی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە ساڵی 2019 تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 نزیکەی پێنج ترلیۆن و 415 ملیار و 30 ملیۆن دینار بووە.

دەشڵێت، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا چەندین چالاکی و چاکسازی ئەنجامدراوە لە بوارەکانی کارگێڕی و دارایی و یاسایی و پیشه‌یی و تەکنیکی بەپێی یاسا و رێساکان بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنەکانی دادوەری و داواکاری گشتی هەروەها لەگەڵ لایەنەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان….هتد، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەمەبەستی رێکخستنی کارەکانی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی داهات و نەهێشتنی خۆدزینەوە لە باج و هەڵوەشاندنەوەى لێخۆشبوونەکان و پێداچوونەوە بۆ قەرزدارانی باج، چەندین هەنگاوی دیکە گیراونەتە بەر، لەوانەش؛

–        بەسیستەمکردنی پڕۆسەی کاروباری باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێم.

–        رێکخستنەوەى باج لە خاڵە سنوورییەکان و دانانی رێکارەکانی تایبەت بە وەرگرتنی باجی هاوردە و هەناردە.

–        رێکخستن و پۆلێنکردنی ژمارەی کۆمپانیاکانی گەورە باجدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

–        پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانی لێخۆشبوون لە باجى زەوى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان.

–        سەرژمێریکردن و کەمکردنەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکەکانی میری و بەکرێدان و فرۆشتنی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ژێر ڕۆشنایی یاسادا .

–        هەموارکردنەوەى پەیڕەوى تیانووسی گرتنی بازرگانى(نظام مسك السجلات التجارية لضريبة الدخل) بۆ مەبەستەکانى باجى دەرامەت و دانانى پەیڕەوى ئەنجومەنى پیشە (مجلس مهنة التدقيق والحسابات) لەگەڵ چەندین هەنگاوی دیكە.

وەزارەتی دارایی روونیشیکردووەتەوە، زۆرترین رێژەی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە پارێزگای هەولێرە لەبەر ئەوەی پایتەختی هەرێمی کوردستانە و ژمارەی کۆمپانیا گەورەکان و جوڵەی بازرگانی لەو پارێزگایە زیاترە بەراورد بە پارێزگاکانی تر و باجی هاوردە و هەناردە لە خاڵە سنوورییەکان و دەروازەکان کۆدەکرێتەوە .