دوو گریمانە بۆ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی ئاگری جەنگ؛
دیسان بۆنی شەڕ دێ لە ناوچەکە؛ ئەمریکا و ئێران وازناهێنن
شۆڕش قادری
دیسان بۆنی شەڕ دێ لە ناوچەکە و ئێران و ئەمریکا شانیان لە شانی یەک گیرکردووەتەوە.
هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر یەکتر؛
درەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمریکا هێرشی کردەسەر چەند بەندەرێک لە باشووری ئێران و دواتر سوپای پاسداران رایگەیاند، بە موشەک وەڵامی ئەو هێرشەیان داوەتەوە و ڤیدیۆی هێرشەکەشی بڵاوکردەوە کە چەند موشەکێک بە ئاسمانەوە هەڵدەدرێن و لە سەریشیان نووسراوە، “لەبری جەنگاوەرانی بەرەی پێشەوەی ئابووری”، وەک ئاماژەیەک بەوەی کە ئەمریکا لە دامەزراوە پیشەسازی و ئابوورییەکانی داوە.
هەڕەشەکانی ترەمپ؛
ئەم تەقوتۆقە و هەڕەشە و گوڕەشانە ترەمپی توڕە کرد و ئەمڕۆ لە دراوسێتی ئێرانەوە و لە ئەنقەرەوە هەڕەشەی توندی لە دەسەڵاتدارانی تاران کرد و وتی، “رەنگە ئەمشەو زۆر بەتوندی لێیان بدەینەوە”.
ترەمپ سەرکردەکانی ئێرانی بە “شێت و بێ عەقڵ و قێزەون” وەسف کرد و وتی، 47 ساڵە زۆر خراپ هەڵسوکەوت دەکەن و ئێستاش نەگۆڕاون، بۆیە ئەمانە پیاوی مامەڵە نین و دەبێ وەک خۆیان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت.
گریمانەکان؛
ئێستا بۆ هەڵگیرسانەوەی شەڕ دوو گریمانە هەیە، یەکەمیان پێیوایە لەبەر یارییەکانی مۆندیال و پەکخستنی گەشتە ئاسمانییەکان زەحمەتە تا دوای کۆتاییهاتنی یارییەکان شەڕ دەستپێبکاتەوە.
بەڵام دووەمیان دەڵێت، هەروەک ترەمپ خۆی رایگەیاندبوو کە تەنیا یەک هەفتە مۆڵەتی داوە بە ئێرانییەکان تەرمی خامنەیی بەخاک بسپێرن، دوای ئەو کارە کە سبەی پێنجشەممە 9.7.2026 تەرمی خامنەیی لە مەشهەد بەخاک دەسپێردرێت، ئیدی ئەگەری زۆرە لەم یەک دوو رۆژەدا جەنگ بەرۆکی ناوچەکە بگرێتەوە.