وەڵامی "کۆڕۆنا" بە ژینگەپارێزی دەداتەوە

 ساڵانە بۆ مەرگی باوکی لە حاجیاوا نەمامی جۆراوجۆر دەچێنێت

فەرهاد حەسەن

باوکی لە ساڵی 2020 بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە ماڵئاوایی لێکردوون، بەڵام ئیبراهیم بۆ ئەوەی هەمیشە زیندووێتی باوکی لەبەرچاوبێت، ساڵانە نەمامی جۆراوجۆر بۆ رۆحی کۆچکردووی دەچێنێت.

ئەمە چیرۆکی گەنجێکی حاجیاوایە بەناوی ئیبراهیم عومەر قادر، لە دەڤەری راپەڕین، دەیەوێت یاد و یادەوەرییەکانی باوکی بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە شارەکەی بنووسێتەوە.

ساڵی 2020، کاتێک باوکی کۆچی دوایی دەکات ئەو 66 نەمام بۆ یادەوەرییەکانی دەچێنێت، ئەو ژمارە نەمامە ژمارەی ساڵەکانی تەمەنی باوکی بووە و ئێستاش کە شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی تێپەڕیوە، بەردەوامە لەو کارە ژینگەپارێزییەی.

ئیبراهیم بە 964 ی وت، بەر لەوەی باوکی کۆچی دوایی بکات ئەوان لە حاجیاوا گرووپێکی ژینگەدۆستیان دامەزراندبوو کاریان لەسەر نەمام چاندن کردووە و دەڵێت “باوکم بەر لەوەی کۆچی دوایی بکات خۆی شایەتی ئەو کارانەمان بووە و ئەویش لەگەڵمان نەمامی چاندووە”.

باس لەوە دەکات، کۆی گشتی ئەو نەمامانەی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا لە رێگەی گرووپەکەیانەوە چاندوویان لە هەزار و 300 نەمام  نزیکدەبێتەوە ، زۆربەی هەرەزۆریشیان لەلایەن خۆیانەوە چاودێری ئاودان و بەخێوکردنیان دەکرێت.

ئیبراهیم و هاوڕێکانی بەڵێنیان وایە بەردەوام بن لەو کارەیان و گرنگی زیاتر بە ژینگەی شارەکەیان بدەن، بۆ ئەمساڵی یادی کۆچی دوایی باوکیشی دەڵێت “ئەمڕۆ لە شەشەمین ساڵیادی کۆچتدا، شەش نەماممان لە دڵی ئەم خاکەدا چاند، تاوەکو هێمایەک بن بۆ ئەو تەمەنە پڕ لە بەرەکەت و وەفادارییەی تۆ، هەر گەڵایەک کە سەوز دەبێت، دوعای خێر و سڵاوێکە بۆ رۆحی پاکت”.