دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا – وێنە؛ ئەرشیف
لە ئەنقەرەوە هەڕەشە دەکات
دۆناڵد ترەمپ: رەنگە ئەمشەو بەتوندی لە ئێران بدەین
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ئەنقەرەوە هەڕەشە لە ئێران دەکات و دەڵێت، “رەنگە ئەمشەو، جارێکی دیکە و بەتوندی لێی بدەینەوە”.
درەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمریکا هێرشی کردەسەر چەند بەندەرێک لە باشووری ئێران و دواتر سوپای پاسداران رایگەیاند، بە موشەک وەڵامی ئەو هێرشەیان داوەتەوە.
ئەو هێرشانە ترەمپی توڕە کردووە و ئەمڕۆ چەند هەڕەشەیەکی لە ئێران کرد، لە دوایین لێدوانیشیدا کە لەگەڵ ڤلۆدمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و لە تورکیا قسەیان بۆ رۆژنامەنووسان دەکرد، وتی، “دڵخۆش نیم بەو کارەی کە ئێرانییەکان دەیکەن و ئەمەش پەیوەندی بە گۆڕینی رژێمەوە نییە، بەڵام نامانەوێت چەکی ئەتۆمییان دەست بکەوێت”.
“ئێرانییەکان زۆر خراپ هەڵسوکەوت دەکەن، ئێمەش دوای ئەوەی کەشتیەکانیان لە گەرووی هورمز کردە ئامانج، بۆردومانمان کردن، رەنگە ئەمشەویش بەتوندی لێیان بدەینەوە”، ترەمپ وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێرانییەکان لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا زۆر خراپ هەڵسوکەوتیان کردووە و ئێستاش نەگۆڕاون.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ لوتکەی ناتۆ چووەتە تورکیا کە لە دوێنێوە و بە بەشداری سەرجەم ئەندامانی رێکخراوەکە، لە ئەنقەرە دەستیپێکردووە.