روخسارە دیارەکە

مەدالیای “ئەستێرەی ئیتاڵیا” لە سنگی نێچیرڤان بارزانی درا


ئەحمەد مستەفا

ئیتاڵیا، لە رۆمای پایتەختەوە دوو هەزار و 833 کیلۆمەتر بە “مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا” بڕی، تا ئەوەی ئەم ئێوارەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە یەخەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بدەن.

لە رێورەسمێک نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا “مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا” ی بەخشییە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

ئەم مەدالیایە، لە ساڵی 2011 وە دەدرێتە کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان و چەند تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە، لەوانە؛ وەک ناسنامەیەکی فەرمی وایە کە دەوڵەتی ئیتاڵیا وەک دۆستێکی نزیک مامەڵەی لەگەڵ دەکات، هەروەها، ئەم مەدالیایە لە رووی ئەکادیمییەوە هاوشێوەی بڕوانامەی دکتۆرایە.

نیشانەکانی ناو مەدالیاکە بریتییە لە قەڵخانێکی بازنەیی زێڕین، کە پێکدێ کە دروشمی کۆماری ئیتاڵیا و بە رەنگی شین و زێڕین دەورەدراوە، لەگەڵ نووسینی ناوی “ئەستێرەی ئیتاڵیا” بە زمانی ئیتاڵی.

تائێستا ئەم کەسایەتییانە مەدالیاکەیان وەرگرتووە؛

– ماوریسیۆ ماکری، سەرۆکی ئەرجەنتین
– بۆیکۆ بۆریسۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا
– جۆش گرین، حاکمی ویلایەتیی هاوایی ئەمریکا
– شارلین لینێت مۆناک، شازادەی مۆناکۆ
– هۆرست زێهۆفەر، سیاسەتڤانی ناسراوی ئەڵمانیا
– کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ناسراوی تۆپی پێ
– فێرناندۆ ئەلۆنسۆ، پاڵەوانی فۆرمیولا وەن
– فرانک سیناترا، هونەرمەندی ئەفسانەیی ئەمریکا
– گرەیس کێڵی، ئەکتەری ئەمریکی براوەی ئۆسکار
– فوئاد تەوال، پاتریاکی قودس
– میونگ-وهون چونگ، مایسترۆ و پیانۆژەنی ناوداری کۆریای باشوور
– جەیمی ئۆلیڤەر، چێشتلێنەری ناسراوی بەریتانی
-نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان – عێراق

کاراکتەری نێچیرڤان بارزانی 

نێچیرڤان بارزانی سیاسەتمەدارێکی دیاری کوردە و لە ئێستادا سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەو دووەم سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە مێژوودا و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

لە 21ی ئەیلوولی 1966 لە دایکبووە، کوڕی ئیدریس بارزانی و کوڕەزای مەلا مستەفای بارزانییە، جگە لە زمانی کوردی، زمانەکانی فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی بە باشی دەزانێت.

تائێستا پۆستە سیاسییە سەرەکییەکانی وەک، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئیدارەی هەولێر) وەرگرتووە.

ڕۆڵ و پێگەی سیاسی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەک دیپلۆماتکارێکی هێمن و میانڕەو دەناسرێت کە وادەرکەوتووە، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەدات، وە بە رووخساری دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا هەیە.