ئاڵای هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی- ناتۆ
دوای قسەکەی سەرۆکی ناتۆ
ئەمریکا بنکەی ئەوروپی بەکارهێناوە و ئێران داوای لێپرسینەوە دەکات
ئەحمەد مستەفا
بۆ پشتیوانیکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران، زیاتر لە پێنج هەزار فڕۆکەی جەنگی و سوتەمەنی لە بنکەکانی ئەورووپاوە فڕیون، ئەمە قسەی سەرۆکی هاوپەیمانی ناتۆیە.
لە بەرامبەریشدا ئێران، ئەوروپا بە هاوبەشی هێرشەکان دەزانێت و داوای لێپرسینەوەی یاسایی دەکات.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکان، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئەوروپا بووەتە سەکۆیەکی گەورەی فڕین بۆ هێزەکانی ئەمریکا، تەنانەت هەندێک وڵات وەک رۆمانیا، گەشتە بازرگانییەکانی فڕۆکەخانەکانی خۆیان کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی رێگا بۆ فڕۆکە جەنگییەکان بکەنەوە.
هەروەک، بۆ پشتیوانیکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران، زیاتر لە پێنج هەزار فڕۆکەی جەنگیی و سووتەمەنی لە بنکەکانی ئەورووپاوە فڕیون. ئەمە یەکەمجارە لە دوای جەنگی ساردەوە، وڵاتانی ئەوروپی ئاسمانی خۆیان بە تەواوی بخەنە خزمەت پرۆسەیەکی سەربازییەوە لە دەرەوەی کیشوەرەکەیان.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی هێرشی کردە سەر هاوپەیمانێتییەکە و رایگەیاند، ئەم لێدوانانە دانپێدانانێکی ئاشکرایە بە هێرشکردنە سەر خاکەکەمان و داوای لێپرسینەوەی یاسایی لە ناتۆ دەکەین.