"مەجبورین کرێ تاکسی لەسەر خەڵک گران بکەین"

هێشتا بەنزین هەرزان نەبووە و سەرەیەکی دوورودرێژ لە بەنزینخانەکان دەبینرێت

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ هەرزانکردنی بەنزین، هێشتا نرخەکەی هەروەک خۆیەتی و سەرەیەکی دوورودرێژیش لە بەنزینخانەکان بۆ بەنزینی 750 دیناری دەبینرێت.

لە سلێمانی چەند شۆفێر تەکسییەک قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، “بەنزین گرانبووە و ئێمەیش مەجبورین کرێ لەسەر خەڵک گران بکەین، جاران کە کرێیەکە بە سێ هەزار دینار بوو، ئێستا بووە بە چوار هەزار و ئەوەش بووەتە بارگرانی بۆ سەر خەڵک و بۆ ئێمەیش”.

ئەوان گلەییان لە شێوازی حکومڕانی دەوڵەت هەیە و دەڵێن، “دوای 35 ساڵ حکومڕانی ئەوە حاڵمانە و دەبێ دوو سەعات لە سەرەی بەنزیندا بووەستین”.

چەند هەفتەیەکە نرخی بەنزین بە هەموو جۆرەکانییەوە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەرزبووەتەوە و دوێنێش، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم داوای لە دەزگاکانی ئاسایش کرد،  بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین و كۆنترۆڵكردنی نرخەكەی، لە بازگەکان ئاسانکاری بکرێت بۆ هاوردەکردنی بەنزین لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری