"14 دەفتەر دۆلاری داوە بە ئەسپێک"

لە هەولێری پایتەخت یەکەمین فێستیڤاڵی ئەسپی کوردی بەڕێوەدەچێت

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە ناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێری پایتەخت یەکەمین فێستیڤاڵی ئەسپی کوردی بەڕێوەدەچێت و 24 سوارچاک نمایش دەکەن.

ئازاد ئەکبەرپور سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، 24 ئەسپ و سوارکار کە 90٪یان کوردن، نمایش دەکەن و جگە لەوەش بەرنامەی گۆرانی وتن و هەڵپەڕکێشیان هەیە.

“نرخی ئەسپ دیاری ناکرێت و بەدڵی ساحێبیەتی، ئاگادارم برادەرێکی خۆمان کە خەڵکی هەولێرە، ئەسپێکی بۆ وەچەخستنەوە کڕیوە، 14 دەفتەر دۆلاری پێداوە”، ئەکبەرپوور وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەسپسواری لە خوێنی کورد دایە و لەبواری رۆحی و دەروونییەوە ئەسپ خەمڕەوێنە.

هاوکات تانیا رەسوڵ وەک ناوبژیوانی یارییەکان چەند نهێنییەکی ئەسپی بۆ 964 ئاشکرا کرد و دەڵێت، “ئەسپ زۆر هەستیارە و غیرە دەکات، ئەگەر بۆنی ئەسپێکی دیکەت لێبێ توڕە دەبێت”.

باسی لەوەشکرد، یەکەم ژنە لەسەر ئاستی عێراق بڕوانامەی راهێنەری ئەسپسواری بەدەستهێناوە و چەند جارێکیش لە ئەسپ بەربووەتەوە، بەڵام ئەو چێژی لێ دەبینێت.

فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و سبەینێش بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری