خۆی رادەست کرد و دایانە دادگا

لە گەڕەکێکی مێرگەپانی سلێمانی داربڕێک دەستگیرکرا

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لە سنورى مێرگەپان هاوڵاتیەکیان لەسەر داربڕین دەستگیرکردووە ورادەستی دادگاش کراوە.

مەفرەزەیەك لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی مێرگەپان دەرچوونێکیان ئەنجامدا، لە گەڕەکی ئاڵا بینیان لە باخێکدا 10 دار بڕدراوە و توانیان دەست بەسەر دارە بڕاوەکاندا بگرن دواتریش فەرمانیان پێدرا بۆ گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی کەسی سەرپێچیکار.

پۆلیس دەڵێت، توانرا سەرپێچیکار بدۆزرێتەوە و دوای ئاگادارکردنەوەی خۆی رادەستی بنکەکەیان کرد و دەستگیرکرا، ئاماژەی بەوەشکردووە کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخراوەو رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.