پێشنیاری دانانی سندوقێکی کۆمەک دەکرێت

خانووە کۆن و کەلەپوورییەکانی سلێمانی مەترسی رووخانیان لەسەر

فەرهاد حەسەن

شوێنەواری سلێمانی بە گرنگی دەزانێت خانوو و گەڕەکە کەلەپوورییەکانی شار لە رووخان بپارێزین، بۆ ئەمەش بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت “خانوو و شوێنە کەلەپوورییەکانمان رۆژانە بەهۆی هۆکارە سروشتی و مرۆییەکانەوە لەناودەچن”. شوێنەوار  بۆیە وا بە بایەخەوە باس لەو مەترسییە دەکات چونکە بەلای ئەمەوە هەر خانوویەکی کەلەپووری لەدەستبدرێت، بەشێک لە مێژوو، ناسنامە و بیرەوەرییە هاوبەشەکانیان لەدەست دەدەن، بۆیە پاراستنی ئەم میراتە تەنیا ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو هاوڵاتییەکە.

رووی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کردووە، کە دەتوانێت بە دەرکردنی یاسا و رێنمایی گونجاو، دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی شوێنە کەلەپوورییەکان، و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی، ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، دەشڵێت “پێویستە خەڵک ئاگادار بکرێنەوە کە ئەم کەلەپوورە سامانێکی نیشتمانییە و پاراستنی ئەرکی هەموومانە”.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە شوێنەوار بڵاویکردووەتەوە، دەردەکەوێت کە خانووە کۆنەکان مەترسی لەناچوون و رووخانیان لەسەرە، پێشنیاز دەکات بۆ حکومەت، زانکۆکان، قوتابیان و هەر کەسێک کە توانای هەیە، بەرنامەی کارە خۆبەخشانە دابنرێت تاوەکو خەڵک هەفتەی چەند رۆژێک بەشداربن بە تایبەت لە هاویندا کە پشووە خەڵک ئامادەبێ لە پاککردنەوە، چاککردن و پاراستنی ئەم شوێنانە.

ئەو بابەتەی شوێنەواری سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، لەلایەن شوێنەوارناس رەوا کەریم نووسراوە، ئەو بە پێویستی دەزانێت سندوقێکی یارمەتی و کۆمەک دابمەزرێت بۆ پاڵپشتی نۆژەنکردنەوەی خانوو و شوێنە کەلەپوورییەکان، کەسانی دەوڵەمەند دەتوانن بە هاوکاریی دارایی بەشدار بن و ئەوانی تر بە کار و هەوڵی خۆبەخشانە یارمەتیدەر بن.