لە 4 ساڵ تا 13 ساڵ دەتوانن خوێنەری بن

لە هەولێر یەکەمین کتێبخانەی تایبەت بە منداڵان کرایەوە

کاردۆست حسێن ـ هەولێر

منداڵان ئیتر بە کتێبخانەی دڵخواز و تایبەتی خۆیان شاددەبنەوە، یەکەمین کتێبخانەی تایبەت بە بواری منداڵان لە هەولێر کە تەرخانکراوە بۆ خوێنەری منداڵ بە بابەت و ناونیشانی جیاواز کراوەتەوە.

فەرهەنگ محمەد سەرپەرشتیاری کتێبخانەکە بە 964ـی وت، بوونی ئەم کتێبخانەیە دەرفەتە بۆ ناساندنی نووسەری منداڵان بە منداڵان هەروەها بۆ دەستکەوتنی ئەو کتێبانەی کە حەزیان پێیە.

کتێبەخانەکە جگە لەوەی کتێبی منداڵانی هەیە، کتێبیش هەیە بۆ دایکان تایبەت بە پەروەردەکردنی منداڵ، هەروەها کتێبەکان زیاتر بۆ تەمەنی 4 تا 13 ساڵان نوسراون.

سەرپەرشتیاری کتێبخانەکە نیگەرانی خۆی لە بارەی نووسەران دەربڕی و وتی”نوسەرانی کورد لە بواری منداڵان ژمارەیان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت بەداخەوە، بۆیە ئەگەر ئەوان بنوسن کتێىخانەی منداڵانیش دەوڵەمەند دەبێت بە سەرچاوە و ناونیشانی جیاواز.

پێداچوونەوە: توانا نەقی