"تاقانەی دوو خوشکە"
گەڕان بەدوای تەرمی گەشتیارە عەرەبەکە لە زێی بچووک بەردەوامە
دەریا ئەحمەد ـ کۆیە
گەڕان بەدوای تەرمی ئەو گەشتیارە عەرەبە تەمەن 18 ساڵەی کە دوێنێ لەسەیرانگاکانی بۆگد لەسەر زێی بچوک خنکا، بەردەوامە و تیمەکانیش تا ئێستا زیاتر لە دوو کیلۆمەتر گەڕاون و هێشتا هیچ سۆراغی نیە.
کەسوکارێکی گەنجەکەش دەڵێ” کوڕی گەورەی ماڵ بووە و تاقانەی دوو خوشک بوو”.
بەشدار سەباح، ئەندامی تیمی مەلەوانی ئاشتی و تەقتەق سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کۆیە بە 964ـی وت، دوێنێ لە کاتژمێر 6:00 ئەو گەنجە خنکاوە و تا ئێوارە گەڕاوین و ئەمڕۆش لە بەیانی زووەوە دەستمان بە گەڕان کردووەتەوە و تا تاریک داهاتن بەردەوام دەبن.
وتیشی، تا ئێستا زیاتر لە دوو کیلۆمەتر گەڕاون و مەودای گەڕانیان فراوانتر دەکەن و ئەگەریش نەیان دۆزییەوە تا نزیکەی شەش یۆژی تر خۆی تەرمەکەی سەرئاو دەکەوێت.
دانا بەکر کەسوکاری خنکاوەکە بە 964ـی وت، کوڕەکەمان لەگەڵ چەند گەنجێکی هاوتەمەنی خۆی بۆ گەشتکردن هاتبوو، وایزانیووە هەر وەک لای خۆیان ئاوەکەی گەرم و هێواشە بۆیە خۆی خستووەتە ناوی، بەڵام دەستبەجێ خبکاوە.
کوڕەکە کوڕە گەورەی ماڵە و تاقانەی دوو خوشک بووە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کۆیە، ئەمساڵ ئەمە یەکەم حاڵەتی خنکانە و کەسێکی تریش لە خنکان رزگار کراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا