لە نێوان هاوڵاتیان و لیژنەى زێدەڕۆ

شەڕەبەرد دروستبوو؛ سەرشکان و جام شکانى تێکەوت


کاروان ساڵحی-کەرکوک

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە گەڕەکی عەسکەری لە باشووری کەرکوک، لە کاتی هەوڵدان بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لەسەر چۆڵکردنی خانووە زیادەڕەوەکان، گرژی و ئاڵۆزییەکی توند لە نێوان دانیشتووانی گەڕەکەکە و لیژنەی لابردنی زیادەڕەوی دروست بوو.

لیژنەی زیادەڕەویی کەرکوک کە پێکهاتبوو لە نوێنەری سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان بە پاڵپشتیی هێزەکانی سوپا و پۆلیس، چوونەتە گەڕەکەکە. لەو کاتەدا رووبەڕووبوونەوەیەکی توند لە نێوان هێزەکان و دانیشتووانی گەڕەکەکە (کە لە پێکهاتەی عەرەبن) لە ژنان و پیاوان دروست بووە. بەهۆی پەلاماردان و ئاڵۆزبوونی دۆخەکەوە، هێزە ئەمنییەکان ناچار بوون بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە تەقە بەسەر دانیشتووانەکەدا بکەن.

سەرچاوەیەک لەناو لیژنەی زیادەڕەویی کەرکوک بە 964ـى رایگەیاند: “ژمارەیەک هاووڵاتی لەو گەڕەکەدا چەندین ساڵە لەسەر زەوی و موڵکی دەوڵەت بە شێوەی زیادەڕەو خانوویان دروست کردووە. حکومەت بە مافی خۆی دەزانێت کە ئەو زەوییانە بدات بە وەبەرهێنەر”.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ئەمڕۆ کاتێک لیژنەکە بۆ ئاگادارکردنەوەی دانیشتووانەکە چوونەتە شوێنەکە، لەلایەن خەڵکەکەوە رووبەڕووی دەمەقاڵێ، بەردبارانکردن و پەلاماردان بوونەتەوە، هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکان چەند فیشەکێکیان بە ئاسماندا تەقاندووە بۆ ئەوەی خەڵکەکە پاشەکشە بکەن.

سەبارەت بە زیانەکانی ئەو گرژییە، سەرچاوەکەی لیژنەی زیادەڕەوی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بەردبارانکردنەکەوە چەند کەسێک بە سووکی بریندار بوون، کە یەکێک لەوانە شۆفێری شۆفڵی تایبەت بە لیژنەکەیە و جامی شۆفڵەکەش شکێنراوە.

جەختی لەوە شکردەوە کە ئەوان وەک لیژنەکە و لایەنی حکومی سکاڵای یاسایی دژی هێرشبەران تۆمار دەکەن، بەو پێیەی ئەوان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمیی خۆیاندا بوون و پەلامار دراون.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح