سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق
لە شەڕی ئێران و ئەمریکا
25 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراق خراونەتە خوارەوە
ئەحمەد مستەفا
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، لە ماوەى جەنگی ئێران و ئەمریکا، 25 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراق خراونەتە خوارەوە.
بەرپرسانى ئەمنى عێراق سەبارەت بە کۆتا مۆڵەتى کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان و ڕێکخستنەوەى چەک و دۆخى ئەمنى عێراق، بە هاوبەشی لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا زانیارى نوێیان خستەڕوو.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق وتی، ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا لە 30ـى ئەیلوولی کۆتایی پێدێت، حکومەتیش سوورە لەسەر ڕێکخستنی دۆسییەی چەک.
وتیشی، حکومەتی عێراق پەرۆشە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆسیەی چەک،” جەختیشی کردەوە کە “ڕێگە نادەین جارێکی تر باسی تائیفی بکرێت و دەنگۆی ناڕاست بڵاو بکرێتەوە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوە کرد کە هەبوونی هەر چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت ڕێگەپێنەدراوە، و حکومەت جەخت دەکاتەوە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەژێر سێبەری دەوڵەتدا. هەروەها وتی، دەزگای دژەتیرۆر بەپێی ڕێنمایی و پاڵپشتییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کار دەکات.
روونی کردەوە، کارێکی چڕ و پلانی مەیدانی جێبەجێ دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە نێوان وەزارەتە جیاوازەکان و دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان، بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە قۆناغی گواستنەوەی داهاتوودا.