لە هەولێر کۆبوونەوە
کار بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و چین دەکرێت
فەرهاد حەسەن
لە هەولێر، کار لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی چین دەکرێت، بۆ ئەمەش کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئابووری و بازرگانی لەنێوان کۆمپانیاکانی هەردوولا ئەنجامدرا.
لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، کە بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە بلاویکردووەتەوە، ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چین و دروستکردنی پردێکی بەهێزتر بۆ پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان کۆمپانیا و بازرگانانی هەردوو لایەن.
باس لە هەلی وەبەرهێنان، هاوکاریی بازرگانی، زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هێنانی بەرهەم و تەکنەلۆژیای نوێ، پەرەپێدانی پرۆژە ئابوورییەکان و بەشداریی کۆمپانیا چینییەکان لە بازاڕی هەرێمی کوردستان کراوە.
ئاماژە بەوەکراوە، ئەم جۆرە دیدارانە دەرفەتێکی گرنگن بۆ ناساندنی تواناکانی بازاڕی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی چین و هەروەها بۆ ناسینی زیاتر لە تواناکان، پێداویستییەکان و هەلی بازرگانیی بازاڕی چین لەلایەن بازرگانانی هەرێمەوە.