لە هەرێم سەرەتاکانی دەبیندرێت

سبەینێ هەینی مانگگیرانی “نیمچە تەواو” زەوی دادەپۆشێت

فەرهاد حەسەن

ئارەزوومەندانی ئەستێرەناسی لە سەرتاسەری جیهان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بینینی مانگگیرانێکی “نیمچەیی قووڵ” لە شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ئەم هەفتەیە کە دەکاتە 27 لەسەر 28.8.2026 و ئەم دیاردەیە بە یەکێک لە قووڵترین مانگگیرانە نیمچەییەکان دادەنرێت و زۆر لە مانگگیرانی تەواو نزیکە.

بەهۆی ئەم دیردەیەوە، نزیکەی  96.2٪ ی رووبەری مانگ دەچێتە ناو سێبەری ناوەندیی زەوییەوە، تەنیا بەشێکی زۆر بچووکی مانگ بە روونی دەمێنێتەوە، ئەمە قووڵترین مانگگیران دەبێت کە لەسەر زەوییەوە ببیندرێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2028.

دەستپێکی قۆناغی سێبەری نادیار لە کاتژمێر 2:23 خولەکی دوای نیوەشەو دەستپێدەکات و لە کاتژمێر 3:33 خولەکی بەیانیش مانگگیرانەکە دەبینرێت.

لە کاتژمێر 5:12 خولەک مانگ سوور هەڵدەگەڕێت و لە کاتژمێر 6:51 خولەکیش کۆتایی قۆناغی نیمچەیی مانگگیرانەکە دەبیندرێت.

مانگگیران کاتێک روودەدات کە زەوی دەکەوێتە نێوان خۆر و مانگ، کاتێک مانگ دەچێتە ناو سێبەری زەوی، تیشکی خۆر لە رێگەی بەرگەهەوای زەوییەوە دەشکێتەوە و تەنیا رەنگی سوور دەگاتە سەرڕووی مانگ، بۆیە مانگ بە رەنگێکی سوور یاخود پڕتقاڵییەکی تۆخ (مانگی خوێناوی) دەردەکەوێت.

باشترین شوێن بۆ بینینی ئەم مانگگیرانە بەشێک لە ئەمریکا، کەنەدا، بەرازیل، بەریتانیا، ئیسپانیا، فەرەنسا، پورتوگال، ئیتالیا، مەغریب، جەزائیر، مۆریتانیا، سەنیگال و نیجیریایە، چونکە دەتوانن هەموو قۆناغەکان ببینن پێش ئەوەی مانگ ئاوا بێت، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداویش، تەنیا قۆناغە سەرەتاییەکان دەبیندرێن، چونکە بەرەبەیان مانگ ئاوا دەبێت پێش ئەوەی بگاتە لوتکەی گیرانەکە.