دەستپاکی بەغداد و هەولێر رێکەوتن:
“هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ گەندەڵکاران لە عێراق و هەرێم نامێنێت”
فەرهاد حەسەن
لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان لەپێناو پاراستنی سامانی گشتی، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیان لەسەر هەماهەنگیی تەواو کردەوە بۆ راوەدوونانی گەندەڵکاران.
راگەیەندراوەکە، دوای سەردانی فەرمیی شاندێکی باڵای دەستەی دەستپاکی فیدراڵی دێت بۆ هەولێر کە لە دوو رۆژی رابردوودا، لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان هاتبوون.
بەپێی ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی لە هەولێر ئەنجامیانداوە، هەردوو دەستەکە سوپاسی پاڵپشتییەکانی هەرسێ دەسەڵاتی دادوەری، یاسادانان و جێبەجێکردنیان کرد، چ لەسەر ئاستی فیدراڵی و چ لەسەر ئاستی هەرێم، بەتایبەتی دەسەڵاتی دادوەری کە وەک چەترێکی دەستووری بۆ کارەکانیان دەبینرێت، لەگەڵ پشتیوانیی سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
جەخت لەوەکراوەتەوە، کە نابێت سنوورە جوگرافی و کارگێڕییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد ببنە هۆی ئەوەی کەسانی داواکراو سوودی لێ ببینن بۆ راکردن لە یاسا. هەردوولاش ڕێکەوتن لەسەر پەرەپێدانی میکانیزمی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن و بڕیارە دادوەرییەکان بە رۆحیەتی یەک تیم.
هەردوو دەستەکە دووپاتیان کردەوە کە “هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ گەندەڵکاران و پارە دزراوەکانیان نییە”، هەماهەنگیی نێوانیان وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی دەبێت بۆ بڕینی رێگاکانی شاردنەوەی سامانی گشتی و گێڕانەوەی هەموو ئەو پارانەی کە بە گەندەڵی براون بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
هەردوو دەستەکە رێکەوتن، لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارەکانی راهێنانی فەرمانبەران، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی بۆ رێگریکردن لە روودانی گەندەڵی پێش ئەنجامدانی.
لە کۆتایی راگەیەندراوە هاوبەشەکەیاندا هاتووە، هاوکاری نێوان بەغداد و هەولێر لە بواری چاودێری و دەستپاکیدا، متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت زیاد دەکات و ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان و پاراستنی ئابووریی نیشتمانی فەراهەم دەكات.