"ویژدانی خۆم ئاسوودە دەکەم"

مودیرێکی خاکەڕایە و ئیشی کارمەندەکانیشی دەکات

دەریا ئەحمەد – کۆیە

ئازاد ئەحمەد 13 ساڵە بەڕێوەبەری وێستگەی کارەبای باواجیە لە کۆیە، مودیرێکی تابڵێی خاکەڕایە و ئیشی کارمەندەکانیشی دەکات.

ئازاد ئەحمەد قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “لە ساڵی 2013ـەوە وەک بەڕێوەبەر دەستبەکاربووم و لەوکاتەوە تا ئێستا بەمشێوەیەم هێناوە، بە ئەرکی خۆم زانیوە هاوکاری فەرمانبەرەکانم بکەم و هەرگیز بۆ خۆدەرخستنیش ئەمەم نەکردووە”.

“جگە لەوەی بژێویم لەسەر ئەم شوێنەیە و ئەرکی سەرشانمە خزمەتی بکەم، بەڵام کە زیاتر لە ئەرکی خۆم جێبەجێ دەکەم بۆ ئەوەیە ویژدانی خۆم ئاسودە بکەم و موچەیەکی حەڵاڵ بخۆم”، ئازاد ئەحمەد وادەڵێت.

ئەو بەڕێوەبەرە ئەگەر چی تەنیا یەک ساڵی لە تەمەنی بەرپرسیارێتیەکەی ماوە و خانەنشین دەبێت بەڵام تا ئێستاش ماندوو نەبووە لە کارەکەی و بەم کاتانەی کە پلەکانی گەرما لە بەرزترین ئاستی دایە خەریکی بژار و بڕینەوەی گیا و پاککردنەوەی پوش و پەڵاشەکانی شوێنەکەیە تا وێستگەکە لە مەترسی ئاگرکەوتنەوە دووربخاتەوە.

حەوێز حەمەدەمین فەرمانبەرێکی وێستگەکەیە و بە 964ـی وت، “بەڕێوەبەرەکەمان بەردەوام لە خەمی ئێمە و وێستگەکە دایە، هەرکاتێک پێویستمان بە مۆڵەت هەبێت، خۆی دێتە شوێنەکەمان و دەوام دەکات، ئەوەی هەمانە و نیمانە و هانای بۆ ببەین، هەر کاک ئازادە”.

هەرچەندە ئازاد ئەحمەد سەرەتا نەیویست ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ بکرێت تا نەبێتە هۆکارێک بۆ خۆهەڵکێشان و خۆدەرخستن، بەڵام 964 وەک هەمیشە بە ئەرکی خۆی زانی، ئەم نمونە جوانانەی کۆمەڵگە بگەیەنێت بە بینەرانی.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری