دیمەنێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی. فۆتۆ: ئاژانسەکان
بیانوویان هەیە
شەش گروپی چەکدار ئامادەنین چەکەکانیان بدەن بە حکومەت
ئەحمەد مستەفا
وەک خۆیان بیانووی هەڵوێستەکەیان پێوە گرێ داوە، شەش لەو گرووپانە لەژێر ناوی “بەرگری ئیسلامی لە عێراق” چالاکی ئەنجام دەدەن رایانگەیاند، تا کاتێک “داگیرکاری بیانی” لەسەر خاک و ئاسمانی عێراق هەبێت چەک دانانێن.
هەڵوێستی ئەو گروپان لە کاتێکدا، هەفتە زیاترە هەنگاوی کرداری بۆ رادەستکردنی چەکی گروپە چەکدارەکانی عێراق بە دەوڵەت دەستی پێکردووە و وا چوار رۆژیشە لیژنە پێکهێنراوە.
ئەو شەش گرووپەی کە رەتیانکردووەتەوە چەکەکانیان رادەست بکەن بریتین لە “کەتائیبی حزبوڵای عێراق، کەتائیبی سەید و شوهەدا، بزووتنەوەی نوجەبا، سەرایای ئەولیا ئەلدەم، ئەسحاب ئەلکەهف و کەتائیبی کەربەلا”.
ئەمڕۆ هەینی 5.6.2026، ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنی لە کەتائیبی حزبوڵای عێراق، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێ، ئەم گرووپانە “یەکگرتوو دەمێننەوە” و ئەرکەکانیان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی “خاک ئازاد دەکرێت”.
لەبەرامبەردا تا ئێستا سێ گرووپ بە فەرمی رەزامەندییان نیشانداوە بۆ رادەستکردنی چەک و یەکگرتن لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەوانیش، “سەرایای سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی”ین.